له‌باره‌ی 400 ملیار دیناره‌كه‌وه‌ وەزارەتی دارایی روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

لەسەر ئەو چەواشەکاریانەی تایبەت بە پرسی 400 ملیار دینارەکە لە چەند سایت و پەیج و دەزگایەکی راگەیاندن بڵاوبۆتەوە، بەپێویستمان زانی ئەم روونکردنەوەیە بۆ رای گشتی بخەینەڕوو.          

1- بڕی ئەو 400 ملیار دینارە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ساڵی 2022 بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام بەچەند هۆکارێک دواخراو لە سەرەتای ئەم مانگە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.   

2- بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم رۆژی 14 ئادار لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، 400 ملیار دینارەکە تەنها بۆ مووچە هاتووە و بۆ هیچ بابەتێکی دیكه‌ خەرج ناکرێت و موچەی مانگی ئازاریش بەبێ کێشە دابەش دەکرێت.   

3- جەخت دەکەینەوە، ئەو رێژەیەی مانگانە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ سلێمانی خەرج کراوە و خەرج دەکرێت، هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.    

4- بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوتەوە کە بۆ مووچەی مانگی شوبات تەنها 340 ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانەوە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە گەڵ 400 ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ مووچەی مانگی شوبات تەرخان کراوە و ئەو کورتهێنانەشی دروست بووە، لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە، هەروەکو چۆن پێشتر کراوە