پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نێچيرڤان بارزانى نامه‌يه‌كى له‌ وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكاوه‌ پێگەیشت

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، نامه‌يه‌كى له‌ لۆيد ئۆستن وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكاوه‌ پێگه‌يشت، تيايدا سوپاسى ده‌كات بۆ ئه‌و پێشوازييه‌ گه‌رمه‌ى رۆژى حه‌وتى ئه‌م مانگه‌ له‌ سه‌ردانيدا بۆ هه‌ولێر، لێى كرا.

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، له‌ نامه‌كه‌يدا ئۆستن ده‌رباره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هه‌ولێر نووسيويه‌تى: مايه‌ى خۆشحاڵيم بوو جه‌خت له‌ هێز و گرنگيى هاوبه‌شيى نێوان ئه‌مه‌ريكا و هه‌رێمى كوردستان له‌ عێراق بكه‌مه‌وه‌.

له‌ نامه‌كه‌يدا بۆ نێچيرڤان بارزانى، ئۆستن وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ پێزانينى بۆ گفتوگۆيان ده‌رباره‌ى پابه‌نديى هاوبه‌شى هه‌ردوولا بۆ تێكشاندنى يه‌كجاره‌كيى داعش، داكۆكى له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هاوكاريى به‌رده‌وامى ئه‌مه‌ريكا و هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ به‌غدا، بۆ عێراقێكى ئارام و سه‌قامگير و خاوه‌ن سه‌روه‌رى، پێويسته‌.

هه‌روه‌ها سوپاسگوزاريى خۆى ده‌ربڕيوه‌ بۆ رۆڵى  نێچيرڤان بارزانى له‌ به‌ڕێوه‌بردنى پرۆسه‌ى رێكخستنه‌وه‌ و چاكسازييه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ياداشتى لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى پێنتاگۆن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. خواستى وڵاته‌كه‌يشى بۆ به‌رده‌واميى كارى پێكه‌وه‌يى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان دووپات كردووه‌ته‌وه‌.