په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌بۆنه‌ى مانگى پيرۆزى ڕه‌مه‌زانه‌وه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مشه‌و چوارشه‌م په‌یامێكی به‌بۆنه‌ی مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان بڵاو كرده‌وه‌ و به‌ گه‌رمی پیرۆزبایی له‌ ته‌واوی موسڵمانان له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق و جیهان كرد.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌ پیرۆزباییه‌كه‌دا گوتی “به ‌بۆنه‌ى هاتنه‌وه‌ى مانگى پيرۆزى ڕه‌مه‌زانه‌وه‌، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ ته‌واوى موسڵمانان له‌ هه‌رێمى كوردستان، عێراق و جيهان ده‌كه‌م”.

گوتیشی “له‌ يه‌زدانى مه‌زن داواكارم خێر و خۆشى و ئارامى و ئاسووده‌يى له‌گه‌ڵ خۆيدا بهێنێت و ڕۆژوو و خواپه‌ر‌ستيى هه‌مووان قبووڵ بكات”.

نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها گوتی “با به‌ها مرۆيى و وانه‌ و ماناكانى ئه‌م مانگه‌ پيرۆزه‌ بكه‌ينه‌ ده‌رفه‌تێكى نوێى لێبورده‌يى و پێكهاتنه‌وه‌ و هه‌وڵى پێكه‌وه‌يى بۆ ته‌بايى و يه‌كڕيزى و كارى هاوبه‌ش، تا هه‌موومان بتوانين پێكه‌وه‌ كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان تێپه‌ڕێنين، خزمه‌تێكى باشترى كوردستان بكه‌ين و به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان بپارێزين”.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا هیوای خواست خواى مه‌زن به‌ به‌خشنده‌يى و ميهره‌بانيى خۆى هه‌مووان بپارێزێت.