سەرۆک بارزانی: هیچ هێزێک لە جیهان ناتوانێت ناسنامەی راستەقینەی کەرکووک بگۆڕێت

سەرۆک بارزانی جەخت لەسەر ناسنامەی شاری کەرکووک دەکاتەوە و رایگەیاند، ئەوەی ئێستا روودەدات کاتییە و هیچ هێزێک لە جیهان ناتوانێت، ناسنامەی راستەقینەی کەرکووک بگۆڕێت و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئەو هەڵوێستەی دژ بە هەوڵەکانی شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد نیشانیاندا به‌درێژایی ته‌مه‌ن لێی په‌شیمان نابنه‌وه‌.

له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی بی بی سی، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ئاماژه‌ به‌ هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی مه‌زهه‌بی دوای رووخانی رژێمی عێراق له‌ ساڵی 2003 ده‌كات و ده‌ڵێت: له‌بری ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ بونیادنانی عێراقێكی فیدراڵی یه‌كگرتوو بقۆزنەوە‌، لایه‌نه‌كان هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یان دا.

سه‌رۆك بارزانی گوتی، “له‌بری ئاشته‌وایی نیشتمانی و بونیادنانی ده‌وڵه‌ت و سوودوه‌رگرتن له‌ ده‌رفه‌تێكی نوێ بۆ بونیادنانی عێراقێكی نوێ و فیدراڵ و دیموكراتی، لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان په‌نایان برده‌ به‌ر تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ و پاكتاوی ناسنامه‌یی، له‌راستیدا دۆخه‌كه‌ زۆر كاره‌ساتباربوو”.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكیشدا له‌باره‌ی بڕیاری كورد بۆ مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و سیستمه‌ نوێیه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ عێراق، سه‌رۆك بارزانی دووپاتیكرده‌وه‌، ئێمه‌ هیچ كات پشتگیریمان له‌و سیاسه‌ته‌ نه‌كرد، كه‌ حزبه‌ شیعییه‌كان له‌ فه‌رمانڕه‌وایی عێراقدا په‌یڕه‌ویان ده‌كرد.

هەر لەو دیمانەیەدا سه‌رۆك بارزانی گوتی، “ئێمه‌ هیچ كات پشتگیری ئه‌و سیاسه‌ته‌مان نه‌كردووه‌، كه‌ دوای ئه‌و قۆناغه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌ شیعییه‌كان و ته‌نانه‌ت سوننه‌كانیشه‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرا و به‌رپرسیاریەتی ئه‌و قۆناغه‌ له‌ ئه‌ستۆی هه‌ردوولا دایه‌، واتا هه‌ردوولا پاكتاوی ره‌گه‌زییان ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستی شیعه‌كانه‌وه‌ بوو، بۆیه‌ به‌رپرسیاریەتی گه‌وره‌ش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وان. به‌دڵنیاییه‌وه‌ كرده‌وه‌كانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ و په‌راوێزخستن و هه‌موو رێكاره‌ هاوشێوه‌كان ژینگه‌یه‌كی زۆر له‌باریان بۆ تیرۆریستان و رێكخراوی قاعیده‌ ره‌خساند و توانییان دزه‌ بكه‌نه‌ ناو عێراق و له‌ ناوچه‌ سوننییه‌كان جێگیربن”

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیمانه‌كه‌دا، تایبه‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ ساڵی 2017، سه‌رۆك بارزانی له‌ وه‌ڵامی “بی بی سی”ـدا تیشكی خستە‌ سه‌ر هۆكاری خۆڕاگریی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و جه‌ختیشی لەسەر ئەوە کردەوە‌، ئه‌گه‌ر به‌هۆی ناپاكی لایه‌نێكی دیاریكراو نه‌بووایه‌، هه‌رگیز كه‌ركووك نه‌ده‌كه‌وت و ده‌شڵێت: ئه‌مه‌ كاتییه‌ و هیچ هێزێك له‌ جیهان ناتوانێت ناسنامه‌ی كه‌ركووك بگۆڕێت.

هەروەها سه‌رۆك بارزانی گوتیشی، “بابه‌ته‌كه‌ بووه‌ته‌ ململانێ له‌سه‌ر ئیراده‌، هه‌موو لایه‌نه‌كان ویستیان ئیراده‌ی ئێمه‌ بشكێنن، ئه‌مه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی بوو بۆ خۆڕاگری ئێمه‌. راسته‌ زۆر هه‌وڵ لەدژی ئێمه‌ دران به‌ڵام ئێمه‌ خۆڕاگر بووین و سه‌ركه‌وتین، ئه‌و هێرشه‌مان وه‌ستاند كه‌ له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2017 كرایه‌ سه‌رمان، كه‌ركووكیش هه‌رگیز نه‌ده‌ڕووخا، ئه‌گه‌ر به‌هۆی خیانه‌تی لایه‌نێكی دیاریكراوه‌وه‌ نه‌بووایه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ كاتییه‌، چونكه‌ هیچ هێزێك له‌م جیهانه‌ ناتوانێت ناسنامه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی كه‌ركووك بگۆڕێت”.

له‌ كۆتایی دیمانه‌كه‌دا، سه‌رۆك بارزانی دووپاتیكردەوە‌، مافێكی ئاسایی هه‌ر گه‌لێكی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌یه‌، خۆی بڕیار له‌باره‌ی چاره‌نووسی خۆی بدات و به‌لایه‌نی كه‌م ده‌نگی خۆی ده‌ربڕێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شیان به‌ ئێمه‌ به‌ ره‌وا نه‌ده‌بینی و رق و كینه‌یه‌كی زۆر زه‌ق هه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌ ئێمه‌، ئه‌و رق و كینه‌یه‌ش زیاتر ته‌شه‌نه‌ی كرد و گۆڕا بۆ شكاندنی ئیراده‌ی گه‌لی كورد، بۆیه‌ ئێمه‌ش هه‌ڵوێستێكمان نیشاندا  كه‌ به‌درێژایی ته‌مه‌ن لێی په‌شیمان نابینه‌وه‌.