ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و ئایینی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
یەکێک لەو کەسایەتییە سیاسییانەی پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسرور بارزانی کردووە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە، کە لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: بەبۆنەی جەژنی نەورۆز پیرۆزبایی لە تۆ و لە گەلی کوردی خۆشەویست دەکەم، هیوای سەقامگیری و ئارامی بۆ گەل و وڵاتەکەمان دەخوازین.
هەروەها، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بەبۆنەی جەژنی نەورۆز پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت: گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان دەکەم و هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و کامەرانی بۆ هەمووان و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ گەلەکەمان.
لەلای خۆیەوە ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە مەسرور بارزانی کرد و لە پەیامێکدا دەڵێت: هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ سەرەتایەک بێت بۆ پتەوکردنی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هاوبەشی گەلی عێراق.
هەروەها مار ئاوای سێیەم، کە پاتریەرکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشوورییە لە جیهاندا لە پەیامێکدا کە ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە، نووسیویەتی: جەژنی نەتەوەیی کورد و ساڵی نوێی کوردی (2723) بەدەرفەت دەزانم کە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و گەلی کوردستان بکەم.
پاتریەرکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری دەشڵێت: لە ماوەیەکی کورتدا ئەو پێشکەوتنە مەزنەم بینی کە لە ماوەی حوکمڕانیی مەسرور بارزانیدا لەڕووی ئەمنی، ئابووری، ئازادی رادەربڕین، مافی ئافرەت و هاندانی گەنجان بۆ پشتبەستن بە خۆیان و نیشاندانی هێزی خۆیان، هاتووەتە ئاراوە. بۆیە زۆر گەشبینم بە ئایندەی هەرێمی کوردستان.