هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سه‌رۆك بارزانی باسی چەند نهێنیەکی پێش رووخانی رژێمی بەعس دەکات

له‌ ساڵی 2002، سه‌رۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئه‌مه‌ریكی کردووە، شانده‌كه‌ پێیان گوتووە: ئەمەریکا بڕیاری لەناوبردنی رژێمی سەدام حوسێنی داوه‌، هێرشەکە لە چەند میحوەرێکەوە دەبێت و رۆڵی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری هەیە.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت راگه‌یاند: لە مانگی نیسانی 2002دا، شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتی رایان کرۆکەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سه‌ردانیان كردم، شانده‌كه‌ هەڵوێستی ئەمەریکایان لەسەر رژێمی سەدام ئاشكراكرد،  پێشنیاریان کردووه‌، کە سەرۆک بارزانی لە 14ی هەمان مانگدا له‌گه‌ڵ مام جه‌لال سەردانی واشنتن بكه‌ن، شاندەکە ئامۆژگاری گرنگی رێکخستنی پەیوەندییەکانی ناو ماڵی کوردیان کرد و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەو شتانەی کە بەدەست هاتوون.

سەرۆک بارزانی لە وەڵامدا گوتویەتی: کورد پشتگیری لە هەر پرۆسەیەک دەکات، کە ئامانجی دامەزراندنی عێراقێکی دیموکراسی، فیدراڵی و فرەیی بێت،  داوای گەرەنتی لە ئەمەریکا دەکەین کە ئایندەی گەلەکەمان پارێزراو بێت، واشنتنیش دەتوانێت وڵاتانی دراوسێ ئاگادار بکاتەوە، کە ئێمە هیچ مەترسییەک بۆ سەر هیچ کەسێک یان لایەنێک دروست ناکەین.”

رۆژی 15ی نیسان، سه‌رۆك مەسعود بارزانی بە یاوەری مەسرور بارزانی و هۆشیار زێباری سواری فڕۆکەیەکی تایبەت بووە بۆ فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت له‌ ئه‌ڵمانیا، كه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌وێ چاوه‌ڕێیان کردووە، شاندی كوردی ته‌واوبوو له‌گه‌ڵ مام جەلال تاڵەبانی و بافڵی کوڕی و بەرهەم ساڵحیش، دواتریش ده‌چنه‌ ئه‌مه‌ریكا لە میوانخانەیەکدا کە لەلایەن خزمەتگوزارییە ئەمریکییەکانەوە لە ڤێرجینیا هەڵبژێردراوە، ئەم کۆبوونەوە گرنگە بەڕێوەدەچێت، لایەنی ئه‌مه‌ریكییه‌كان پێكهاتبوون له‌،  ماک لۆفلین جێگری سەرۆکی سی ئای ئەی،  ژەنەڕاڵ واین داونینگ لە ئاسایشی نیشتمانی و رایان کرۆکەر لە وەزارەتی دەرەوە بەشداربوون، ئەمەش بەو مانایەی کە کۆبوونەوەکە بە بەشداری و هەماهەنگی کۆشکی سپی و هەواڵگری و کاروباری دەرەوە بووە.