ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 18ـی ئاداری 2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆز، کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان، ئاهەنگی پیشوازیکردن لە جەژنی نەورۆز بەڕێوەدەچێت. ئاهەنگەکە کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە لە چیای کوڕەک بەڕێوەدەچێت.
کاتژمێر 10:45 خولەکـی ئەمڕۆ باڵیۆزی 40 وڵات و نوێنەری 83 وڵاتی دیکە بۆ بەشداریکرن لە بۆنەکانی ئادار و نەورۆز گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
نوێنەر و باڵیۆزی وڵاتان نانی نیوەڕۆ میوانی سەرۆک مەسعود بارزانی دەبن و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەش ئێوارەخوانێکیان بۆ رێکدەخرێت.
لەلای خۆیەوە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند:”مانگی نەورۆز پڕە لە بۆنەی جیاواز، ھەرچەندە دەبێت رێز لە ھەموو بۆنەکان بگرین، بەڵام ناکرێت دیلی دەستی رابردوو بین و دەبێت بە ئومێدەوە سەیری داھاتوو بکەین، ھەر بۆیەش لە دوای راپەڕینەوە ویستوومانە پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین، لەم چوارچێوەیەشدا لەسەر بانگھیێشتی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەو ژمارە باڵیۆزانەی لە بەغدان و چەندین دیپلۆماتی دیکە گەیشتوونەتە ھەولێر و ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبنەوە و دواتریش ئێوارەخوانێک ئامادە دەکرێت لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بەمجۆرە ھەوڵمانداوە پەیوەندییەکانمان فراوانتر بکەین”.