مەسرور بارزانی بۆ ئەلمۆنیتۆر: پێویستە ناکۆکییە سیاسی و ئابوورییەکان لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا چارەسەر بکرێن

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکداۆلەگەڵ ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر) رای گەیاند، پێویستە ناکۆکییە سیاسی و ئابوورییەکان لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا چارەسەر بکرێن، نەک بە بایکۆتکردنی حکوومەت لەلایەن وەزیرانی یەکێتییەوە.

ئەمڕۆ هەینی، ماڵپەری ئەلمۆنیتەر، چاوپیکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە، کە تێیدا باس لە چەند دۆسیەیەک کراوە، لەوانە، دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دۆسیەی تیرۆر و گۆڕانی کەشوهەوا، چەند پرسێکی دیکەی گرنگ بە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، هۆکاری ئەو چەقبەستووییەی بۆ تیرۆرکردنی عەقید هاوکار عەبدوڵڵا رەسووڵ (هاوکار جاف)، ئەفسەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە کە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەو دۆسیەیەدا هاوکار نەبوون.

هەروەها سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکردووە، بۆ ئەوەی سەرنج لەسەر ئەو دۆسیەیە دووربخرێتەوە، یەکێتی کێشەکانی دیکەی پەیوەند بە بابەتی دارایی و دابەشکردنی دەسەڵات زیاد لە قەبارەی خۆی گەورە دەکەن، کە ئەو کێشانە هەمیشە بوونیان هەبووە.

لە درێژەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی روونیکردووەتەوە، پێویستە یەکێتی سەرنجیان لەسەر چارەسەکردنی کێشە سیاسی و داراییەکان بێت لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بری ئەوەی هەموو کێشەکان تێکەڵ بە یەک بکرێن.

سەبارەت بە دۆسیەی تیرۆرکردنی هاوکار جافیش، رایگەیاندووە، با لەڕێگەی دادگا و سیستمی یاساییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیە بکرێت.

سەبارەت بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، بە فەرمی داوام لە تیمی وەزاری یەکێتی کردووە لەکاتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، بگەڕێنەوە بۆ حکومەت و هەر نیگەرانییەکیانیش هەیە دەکرێت لەڕێگەی گفتوگۆوە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا چارەسەری بکەن و جگە لە گفتوگۆش هیچ رێگەیەکی دیکە نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

مەسرور بارزانی بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە، هیوادارم تیمی وەزاری یەکێتی بگەڕێنەوە بۆ حکومەت و کێشەکان لەرێگەی گفتوگۆوە لەناو ئەنجوومەنی وەزیراندا چارەسەربکەین.

سەبارەت بە کاریگەری ناکۆکییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردن، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردووەتەوە، کە پێویستە هەڵبژاردن لەمساڵدا ئەنجام بدرێت و نابێت هیچ شتێک ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە هاتنەکایەی کەشێکی ئەرێنی کردووە لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا، بەتایبەتی لەدوای پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی و یەکلایی کردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت روونیکردووەتەوە، پێشکەوتنی گەورە لە گفتوگۆکان سەبارەت بە بودجە بەدیهاتووە، هەرچەندە ئەوەی لە بودجەدا جێگیرکراوە ئەوە نییە کە ئێمە دەمانویست بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بودجەیەکی خەراپ نییە و لە بەرژەوەندی هەموو عێراقە.

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواستووە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش ئەو بودجەیە پەسەند بکات و رایگەیاند، پەسەندکردنی بودجە دەبێتە سەرەتای پەیوەندییەکی بنیاتنەر لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی، هەروەها لە نێوان بەغدا و پارێزگاکانی دیکەشدا، بۆ بووژانەوەی ئابووری وڵات.

لەبارەی پرسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی دۆسیەی نەوت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە، زۆربەی کێشەکانی رابردوو بەهۆی پاڵنەری سیاسییەوە بووە و ئەو کەشوهەوا ئەرێنییەی لە گفتوگۆکانی بودجەدا دروستبووە، دەتوانێت ئاسانکاری بکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بۆ پەسەندکردنی یاسایەکی نیشتمانی بۆ دۆسیەی نەوت و غاز، کە دەمێکە عێراق لە خاوەنی یاسایەکی لەو جۆرە نییە.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رابردوودا هەندێک رەشنووس هەبوو بەڵام لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند نەکراون، کە ئەمەش هیچ پابەندییەکی دروستنەکردووە، بۆیە کلیلی چارەسەکردنی ئەم کێشەیە دەرچوواندنی یاسایەکی نیشتمانییە، کە رەنگدانەوەی مافەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستووردا لەخۆبگرێت.