ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەدات

 

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، دەنگ لەسەر پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەدات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (16ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی یەکشەممە (19ـی ئادار/مارسی 2023)ـی بڵاوکردەوە کە دەنگ لەسەر پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان و قەزاکانی ساڵی 2018، دەدرێت.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ کۆدەبێتەوە بە مەبەستی دەنگدان لەسەر ئەو پێشنیازەیاسایە کە لەلایەن لیژنەکانی یاسایی و هەرێم و پارێزگاکانی نەبەستراو بە هەرێمەکانەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشکەشکراوە.

رۆژی شه‌ممه‌ (4ـی ئادار/مارسی 2023) بەئامادەبوونی 194 پەرلەمانتار، پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان و قەزاکانی ساڵی 2018، له‌ هۆڵی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ كرا. لەکاتێکدا، رۆژانی (24 و 27ـی شوبات/فێبرایەری 2023)، بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی هەمواری ئەو یاسایەوە، دوو دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دواخرا.

لەماوەی رابردووش لە بەغدا و چەند ناوجەیەکی دیکەی عێراق خۆپیشاندان دژ بە هەموارکردنەوە ئەو یاسایە ئەنجامدرا و خۆپیشانده‌ران داوا ده‌كه‌ن سیستمی سانت لیگۆ هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ و بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ یاسای ساڵی 2019، راشیانگەیاند،  هۆكاری سه‌ره‌كی مانه‌وه‌ی هێزه‌ گه‌وره‌كان و رێگریكردن له‌ دروستبوونی هێزی نوێ و چالاك له‌وڵاتدا و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ جێبه‌جێكردنی سیستمی سانت لیگۆ ده‌بێته‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی عێراق بۆ چوارچێوه‌ی یه‌كه‌م و دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ناكۆكی و پشێوییه‌كان له‌وڵاتدا.