ئیحسان عەلی: حزبەکانی ئۆپزسیۆن عادەتیان وایە دوو مانگ پێش ھەڵبژاردن دێنە دەرەوە

ئیحسان عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، “ئێمە کە چووینەتە پەرلەمان کەس خێری پێ نەکردووین، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم حزبانە کە ناوی خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆن سێ مانگ پێش ھەڵبژاردن دێنە دەرەوە و قسە بەحکومەت دەڵێن، بۆ ئەوەی ھەستی خەڵک بجوڵێنن”.

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان راگەیاند: ئێمە کە چووینەتە پەرلەمان کەس خێری پێ نەکردووین، شتێکی یاساییە کە ئەوبرادەرانە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، پێش ھەموو شتێک ئێمە بە لیستێک چووینەتە ھەڵبژاردنەوە، دەنگەکانمان تێکەڵ بوون، هەروەها کەسیش زۆری لێنەکردوون تاوەکو دەست لەکاربکێشنەوە، بەڵام کە کشاونەتەوە ئێمەش مافی خۆمانە نوێنەرایەتی دەنگدەرانی خۆمان بکەین.

ئیحسان عەلی گوتیشی: ئەم حزبانە کە ناوی خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆن بەداخەوە، ھەمیشە عادەتیان وایە دوو مانگ یان سێ مانگ پێش ھەڵبژاردن دێنە دەرەوە و قسە بە حکومەت دەڵێن،  بۆ ئەوەی ھەستی خەڵک بجوڵێنن، بەڵام ئێستا خەلک ھۆشیاربووەتەوە، باشە ئەنجوومەنی پارێزگا بەسەرچووە بۆ ناکشێنەوە، مدیر ناحیە و قائیمقامیان ھەیە بۆ ناکشێنەوە.

ئەو باسی لەوەشکرد، ئەوان لە تەمەنی خۆیان ھەمیشە لەگەڵ خەڵک بوون و، لە یەکەم ھەڵبژاردنی کوردستان بەشداربوون، لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک پێیان لە ھەموو بەرژەوەندیەکانی خۆیان ناوە و، گووتویانە بۆ ئەوەی شەڕ نەبێت، گوتیشی “ھەموو مافێکی خۆمان لە دەست داوە کە ئەوکات یەکێک بووین لە ھێزە گەورەکانی کوردستان”.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی جەختی لەوەکردەوە، کە ھەرێمی کوردستان پێویستی بەوە ھەیە ھەڵبژاردن بکات، لەبەر ئەوەی زۆرینەی دۆستەکانی کوردستان ھەر لە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە تا وڵاتانی دەرەوە، بۆ ئەوەی دڵخۆشبن دەبێت ئەو پرۆسە سیاسیە بەردەوام بێت و ئەنجام بدرێت.

ئیحسان عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت حزبی تازە بێتە پێشەوە و لەوانەیە شێوەی کورسیەکانی پەرلەمان گۆڕانکارییان بەسەردابێت، ئەوکاتە لەوانەیە حکومەتێکی باشتر و بەھێزتر دروست بکرێت.

جەختی لەوەشکردەوە، کە ئەوان ھەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لە پارێزگای ھەڵەبجەش زۆرترین ئەندام پەرلەمانی ھەبێت، بۆیە دەبێت پرۆژە یاسایەکی تایبەتی بۆ دەربچێت و رەزامەندی ھەموو لایەنەکانی لەسەر بێت.

لە وەڵامی کێشەکانی ناو بزووتنەوە، ئیحسان عەلی گوتی: من پەیوەندیم لەگەڵ زۆربەیان ھەیە ئەگەر کێشەیەکیش ھەبێت، دەبێت گفتوگۆ بکەین، چونکە ھەموو خەڵک دەزانێت کێ خاوەنی بزووتنەوەیە، بۆیە تا ئێستاش لە گفتگۆداین لەگەڵ ئەو برایانە بۆیە بەم زووانە ئەو کێشە کۆتایی دێت.