سەرۆک بارزانی: هیچ بیانوویەک نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

سەرۆک مەسعود بارزانی لە دیدارێكیدا لەگەڵ “ئەلمۆنیتەر”، باسی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات و ئاماژە بەوە دەكات کە هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەمساڵدا.

سەرۆک بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەشڵێ: “هەڵبژاردن پێویستە ئەنجام بدرێت، هیچ بژاردەیەکی تر نییە، ئەگەر نا دامودەزگاکانی حکوومەت یاساییبوونی خۆیان لەدەست دەدەن”.

بارزانی گوتیشی: “هیچ بژاردەیەكی دیکەمان نییه، هیچ بیانوو و هۆکارێکیش بۆ دواکەوتن نییه، ئەگەر هەر لایەنێکی سیاسی بیەوێت ئاستەنگ لەبەردەم هەڵبژاردندا دروست بکات، ئەوا خۆیان گۆشەگیر دەکەن، هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت”.

سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیشەوە، سەرۆک بارزانی لە چاوپیێکەوتنەکەدا ڕای گەیاند “ناڵێم بڕیاری بودجە 100% بە دڵی ئێمەیە، بەڵام پێموایە هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ پێشەوە”. گوتیشی بارودۆخی ئەرێنیی لەسەر بودجە، دەتوانێت ببێتە هۆكارێكی لەبار بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆکانی نەوت.

سەبارەت بە كارە یەكەمینەكانی ئەمریکاش لە عێراق، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ڕەنگە ئێستا كارە یەكەمینەكانی ئەمریکا گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت، چین و ئۆکراینا لە لوتکەی کارنامەی ئاسایشی نیشتمانیدان، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە ئەمریکا بە گرنگییەوە شتەکان نابینێ لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆک بارزانی گوتیشی كە ناتوانی بارودۆخی ئێستا بەراورد بکەیت لەگەڵ بارودۆخی سەردەمەکانی پێشوو، بەڵام ئەمریکا هێشتا بە گرنگییەوە سەیری ناوچەکە دەکات.

لەبارەی سەردانەكەی هەفتەی رابردووی وەزیری بەرگریی ئەمریكاشەوە، سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بەوە دا: “لۆید ئۆستین وەزیری بەرگریی ئەمریکا، دۆستێکی باشی ئێمەیە”. هەروەها گوتی: “ئۆستن جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا گرنگی بە ناوچەکە و بەردەوامبوونی پەیوەندی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنەكان دەدات”، ئاماژەی بەوەش کرد: “مەترسیی داعش، مەترسییەکی بەردەوامە”.

سەرۆك بارزانی هەروەها پێشوازی لەو ڕێککەوتنە کرد کە بە نێوەندگیری چین لە نێوان ئێران و سعوودیە ئەنجام دراوە و گوتی: “بە شێوەیەکی سروشتی پێمان خۆشە کۆتایی بە گرژییەکانی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە بێت، ئێران و سعوودیە دوو وڵاتی گرنگی ناوچەکەن”. گوتیشی: “ڕەنگە زوو بێت بۆ بڕیاردان، تا زۆر شتی لەسەر بڵێین، بەڵام لانی کەم هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان پێشوازی لێ دەکرێت”.

سەرۆك بارزانی گوتیشی: “هیوادارین ڕێککەوتنی ئێران و سعوودیە نیشانەیەک بێت بۆ ئەوەی ئێران لە زمانی تۆقاندن و هەڕەشە دوور بکەوێتەوە و بەرەو گفتوگۆ و دیپلۆماسی دەچێت، بۆ ئەوەی بیروبۆچوونی ئەوانی دیکە لەخۆ بگرێت و لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشەوە کێشەکان یەکلایی بکاتەوە.”

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا، سەرۆک بارزانی گوتی كە هێرشەکان بە تەواوی ناڕەوا بوون، تۆمەتەکانیش بێ بنەما بوون. گوتیشی هەندێک لە دامودەزگاکانی ئێران، بە مەبەستی داپۆشینی شکستەکانی خۆیان لە وڵاتەكەدا، هەوڵیان دەدا کەسێکی تر لە دەرەوە بدۆزنەوە تاکو تۆمەتباری بکەن بە بوونی سەرچاوەی کیشەکانیان.

هەروەها گوتی: “ئێران دراوسێیە، نامانەوێت هیچ گرژییەکمان لەگەڵیدا هەبێت، دەمانەوێت تا دەتوانین پەیوەندی ئاساییمان هەبێت.”

سەرۆك بارزانی ئەوەشی گوت كە: “ئێمە بەشێک نین لە شەڕ و پێکدادانەکان یان یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ ئێران. ناشتوانین ڕێگە بدەین خاکەکەمان ببێتە بنکەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی دراوسێکانمان.”

سەرۆك بارزانی هەروەها پێشوازی لە هەنگاوەکانی دەوڵەتانی عەرەبی كرد بۆ دووبارە هێنانەوەی سووریا بۆ ناو گۆڕەپانەکە و گوتی: “لە ساڵی 2011وە سووریا شاهیدی دۆخێکی پشێوی و پڕ ئاژاوەیە، کوشتن و ئاوارەبوون و پەنابەران و کوشتنی بەکۆمەڵی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نەبووە کە ڕەنگە چی لە داهاتوودا بێت.”

سەرۆك بارزانی باسی لە ڕەنگدانەوەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان لەسەر دۆخی گەلی هەرێمی کوردستان كرد و رای گەیاند كە کورد یەک نەتەوەیە، دەبێت ئەوە بگوترێت.

باسی لەوەش کرد کە چۆن زلهێزەکانی ڕۆژئاوا، دوای جەنگی جیهانی یەکەم، مافی چارەی خۆنووسینیان بە کورد بەخشی و دواتر پاشەکشەیان کرد، کە گەلی کوردستانیش کۆتایی هات بە دابەشبوون بەسەر کۆمەڵێک دەوڵەتدا، زوڵم و نادادپەروەری بەردەوام بوو بەرامبەر بە کورد، کە بووەتە هۆی کوشتن و شەڕ و ململانێ، بەڵام کورد توانی بە زیندوویی بمێنێتەوە.

سەرۆک بارزانی هەروەها دەڵێ: “دەبێت وانە بۆ حکوومەتە ستەمکارەکان ئەوە بێت کە كێشەی كورد بە ستەم و توندوتیژی چارەسەر نابێت، بەڵكو دەبێ ڕێگەی پراگماتی و خاڵە هاوبەشەکان بدۆزرێنەوە بۆ چارەسەری كێشەكە.”

سەرۆك بارزانی گوتیشی: “هەر ناوچەیەکی کوردی تایبەتمەندی و پێگە و بارودۆخی خۆی هەیە لەناو ئەو وڵاتانەی کە تێیدا دەژین، بۆیە ناتوانین بڵێین ئەو مۆدێلەی لە عێراقدا هەیە، دەتوانێت قاڵبێک بێت، یان نەخشەیەک بێت بۆ کورد لە سووریا و تورکیا و ئێران، دەبێت چارەسەر لەو وڵاتانەدا بدۆزرێتەوە.”

هەروەها گوتی: “پێویستە هەموو دەوڵەتەکان لە سیاسەتی ستەم و سەرکوتكردن و ڕەتكردنەوە دوور بکەونەوە و گرووپەکان یان بزووتنەوە کوردییەکان نابێ بەرەو توندوتیژی ببەنەوە، دەبێت زەمینەی هاوبەش هەبێت بۆ گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەوەی کورد لەو وڵاتانە بتوانێت لە ماف و ناسنامە دیموکراسییەکانی خۆی بەهرەمەند بێت