دوو نەخۆشخانەی نوێ دروست دەکرێن و نەخۆشخانەیەکیش پێداویستیی بۆ دابین دەکرێت

لە قەزای شنگال دوو نەخۆشخانەی نوێ دروست دەکرێن و لە قەزای بەردەڕەشیش پێداویستی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەزاکە دابین دەکرێت.

مەحما خەلیل، نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”ڕەزامەندیمان بۆ قەزای شنگال بۆ کۆمەڵێک پرۆژە هێنابوو و پارەشی بۆ تەرخان کراوە و بەشێک لە پرۆژەکان جێبەجێ کراون و بەشێکیشیان ماون کە بە گوژمەی نزیکەی 250 ملیار دینارن، لەوانە نەخۆشخانەی 100 تەختیی شنگال و نەخۆشخانەی 50 تەختیی سنوونێ و چەندین پرۆژەی ڕێگاوبانیش ڕەزامەندییان وەرگیراوە و بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئەو پرۆژانە جێبەجێ بکرێن.”

مەحما خەلیل گوتیشی: ”ئەو پرۆژانە بە هەوڵی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق جێبەجێ دەکرێن، بۆیە بەردەوامیش هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی شنگال ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتی خەڵکی شنگال بکرێت.”

هەر لەم بارەیەوە، قایمقامی قەزای بەردەڕەش، ئیسماعیل مستەفا ڕەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”بینای نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش تەواو بووە و بڕیارە بە گوژمەی ملیارێک و600 ملیۆن دیناریش پێداویستیی بۆ دابین بکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا و بکەوێتە خزمەت هاووڵاتیان، بۆ ئەو مەبەستەش چاوەرێی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین.”