مەسرور بارزانی: سوودانی ئارەزوویەکی بەهێزی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور هەیە

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و چەند بابەتێكیان تاووتوێ کرد، لەوانە ئەنجامی سەردانی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و پڕۆژە یاسای بودجە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، کە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارەی چەندین تەوەر، گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە کرا و گوتیشی “هەستمان بەوە کرد کە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، ویست و ئارەزوویەکی بەهێزی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت”.

دەقی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئاداری 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی ئەنجامی سەردانی دوێنێی شاندی باڵای حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا، کە لە بارەی چەندین تەوەر، گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە کرا و هەستمان بەوە کرد کە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، ویست و ئارەزوویەکی بەهێزی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.

سەرۆک وەزیران هەروەها بە بۆنەی تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و حکومەتی عێراقی کرد و هیوای خواست ئەم هەنگاوە، ببێتە هۆی زیاتر بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لەو پارێزگایە. بۆ ئەم مەبەستەش، سەرۆک وەزیرانی هەرێم، ئاماژەی بەوەدا کە دوێنێش داوای لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کردووە کە پێویستە بە پێی دەستوور، قەرەبووی بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدان و زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق بکرێتەوە.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، دوایین هەنگاوەکانی پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە لایەن شاندی دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەختی لە وە کردەوە کە هەروەک چۆن لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هەبوو، پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەش، هەماهەنگیی و لەیەکتێگەیشن لە نێوان هەردوولا هەبێت، بۆ ئەوەی یاسای بودجە بە باشی و دروستی و بەشێوەیەک جێبەجێ بکرێت کە لە خزمەتی گشت پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.

ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەکات و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ، میکانیزم و ڕێکاری پێویست دادەنێت بۆ ئەوەی بڕگەکانی ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی، جێبەجێ بکرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات ئەم پڕۆژە یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەند بکرێت تاکو هەرچی زووە، بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئێستای دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و ڕاسپاردە و پێشنیاری پێویست سەبارەت بە چۆنیەتی زیادکردنی داهاتی گشتی خرانەڕوو، بەمەبەستی پڕکردنەوەی خەرجییەکان و دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دابەشکردنی لە کاتی خۆیدا.