مەسرور بارزانی: چاوەڕێی پاره‌ی كاش ناكرێ و پرسی دابەشكردنی مووچە چارەسەر دەبێت

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕایده‌گه‌یه‌نێ، به‌خستنه‌گه‌ڕی سیسته‌می بانكی و هه‌ژماری من، كریدێت كارت كاری پێ ده‌كرێ و هه‌ر مانگێك نه‌توانرێ مووچه‌ بدرێ، پێویست به‌ پاره‌ی كاش ناكا و به‌ كریدێت ده‌توانرێ مووچه‌كه‌ وه‌ربگیرێ.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15/3/2023، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ گفتوگۆیه‌كدا، له‌باره‌ی سیسته‌می هه‌ژماری من و چه‌ند پرسێكی تایبه‌تی بانكی و داراییه‌وه‌، دوا و سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، هه‌ركه‌سێك ده‌یه‌وێ له‌ خێر و به‌ره‌كه‌تی هه‌ژماری من به‌شدار بێ، تا زووتر ئه‌و كاره‌ بكا، قازانجی زیاتری خۆیه‌تی، نه‌ك ته‌نیا بۆ مووچه‌، به‌ڵكوو كاتێك گه‌شتێكی ده‌ره‌وه‌ ده‌كا، ده‌توانێ به‌و ئه‌كاونته‌ی خۆی و له‌سه‌ر هه‌ژماری خۆی پاره‌ خه‌رج بكات. هه‌روه‌ها له‌ هه‌ر شوێنێكیش بیه‌وێ ده‌توانێ مووچه‌ وه‌ربگرێ و ئه‌و پرسه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و بانكه‌ی سیسته‌مه‌ په‌یڕه‌و ده‌كا، كه‌ ئێسته‌ دوو بانك ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن و بۆ داهاتوو بانكی دیكه‌ش دێنه‌ نێو ئه‌و سیسته‌مه‌وه‌. هه‌روه‌ها گه‌ر سیسته‌می بانكی ئێمه‌ بكه‌وێته‌ كار، ده‌توانێ به‌ قه‌رز پاره‌ وه‌ربگرێ و له‌ ماوه‌ی خۆیدا مووچه‌ی خۆی وه‌ربگرێ و له‌ هه‌ر شوێنێك چی بووێ ده‌توانێ به‌و هه‌ژماره‌ی خۆی كه‌لوپه‌ل و پێویستی خۆی بكڕێ. ئه‌و بانكه‌ به‌رپرسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حسابه‌كه‌ی بخاته‌ كار و كاری به‌شداربووه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكرێ.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر ئابووریی وڵاتێك هه‌مووی پشتی به‌ پاره‌ی كاش به‌ست، زۆر زه‌حمه‌ته‌ كۆنتڕۆڵ بكرێ و مامه‌ڵه‌ش سنووردار ده‌بێ له‌ ڕووی ئه‌منی و ڕووه‌كانی تریشه‌وه‌، به‌ نیازین ئه‌و پاره‌یه‌ به‌ شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی له‌ژێر چاودێریی حكوومه‌ت ئه‌و كاره‌ بكرێ و به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ تۆڕێكی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌ چاودێری له‌سه‌ر هێنان و بردنی پاره‌ ده‌كه‌ن و شه‌فافیه‌ت دروست ده‌كا و ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌ چاكسازی و ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت، گوتیشی: گه‌ر له‌ بری پاره‌ی كاش، بتوانرێ به‌ كرێدیت كاره‌كان ڕاپه‌ڕێنی، ئه‌مه‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ، بۆ نموونه‌ له‌ شوێنێك ناتوانێ مووچه‌ سه‌ری مانگ بدرێ، به‌م كریدێته‌، ئه‌و كێشه‌یه‌ تا ڕادده‌یه‌كی زۆر چاره‌سه‌ر ده‌كرێ، كه‌واته‌ چاوه‌ڕێی سیوله‌ و كاش بۆ مووچه‌كه‌ ناكرێ و له‌ سیسته‌می كریدێتی بانكیدا، جێگره‌وه‌ی سیوله‌ و پاره‌ی نه‌ختینه‌ ده‌بێت.