ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و قسە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پێکهاتەکانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە، هەموویان داوایان دەکرد هەڵبژاردن بۆ ئەوان یەک بازنەیی بێت، لەگەڵ ئەوەی داوا دەکەن ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت و چی دیکە دوا نەخرێت. پەرلەمانتارێکیش، دەڵێ: پەرلەمان دەست بە هەنگاوی کردەیی دەکات، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. سەرۆکی پەرلەمانیش، ڕایگەیاند: هێزە سیاسییەکان تا ڕادەیەکی باش ڕێککەوتوون، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە هەنگاوی سەرەتایی دەکەین بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن.

پێکهاتەکان داوا دەکەن هەڵبژاردن بۆ ئەوان یەک بازنەیی بێت
لە ١١١ کورسی پەرلەمانی کوردستان، کۆتاکان خاوەن ١١ کورسین، زۆربەی ناکۆکییەکانی بەردەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی

شێوازی دەنگدانی پێکهاتەکان، خاڵی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانە. ڕۆبینا تەیاری، ئەندامی فراکسیۆنی هاوپەیمانی یەکێتیی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتی: هەموو پێکهاتەکان کۆکن هەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت هۆکارەکەشی ئەوەیە شوێن هەیە کە مەسیحی هەر لێ نییە، ناکرێت بازنە بێت و مەسیحی لێ نەبێت، بۆیە پێویستە یەک بازنەیی بێت، ناشبینە گرفت لە بەردەم کردنی هەڵبژاردن.
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یەک بازنە بکرێت، لەگەڵ ئەوە نین کورسی کۆتاکان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێن، وەک ئەوەی هەندێک لایەن داوای دەکەن.
مونا قاوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند، هەموو پێکهاتەکان لەوانە تورکمان، کلدان، سریان، ئاشوور و ئەرمەن، لە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیاندا و ڕایانگەیاند، بە سیستمی یەک بازنەیی لەگەڵ کردنی هەڵبژاردنن لەکاتی خۆیدا.

پەرلەمان دەست بە هەنگاوی کردەیی دەکات
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنەمای کۆبوونەوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی لایەنەکان بوو و بڕیارماندا هیچ لایەنێک ویستی خۆی بەسەر پێکهاتەکاندا نەسەپێنێت.
زانا مەلا خالید، گوتیشی: نزیکبوونەوە لە نێوان لایەنەکان هەیە و کردنی هەڵبژاردن لەمساڵدا لای پارتی بووەتە بڕیار و دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت.
ڕێواس فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند: پێکهاتەکان داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن، نەکرێنە پاساوی دواخستنی هەڵبژاردن، هەوڵ دەدەین هەنگاوی سەرەتا بنێین، چونکە پێمانوایە هەم کات لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە، هەم هێزە سیاسیەکان تا ڕادەیەکی باش گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
لە پەرلەمانی کوردستان لیژنەی تەکنیکی بۆ یەکخستنی بۆچوونەکانی نێوان فراکسیۆنەکان دروست کراوە. سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت: لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ڕاپۆرتێکمان دەبێت بۆ پشتیوانی لەو بیروبۆچوونانە کە خەریکی یەکخستنین، هەر کات یەکخرا و گەیشتە بەردەستی ئێمە، کاری لەسەر دەکەین.

سەرۆکایەتیی پەرلەمان داوایەک ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان دەکات
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کردنی هەڵبژاردن لە ئەمساڵدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پابەندە بەجێبەجێکردنی یاسای بەردەوامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ و زەمینەسازیی سیاسی و یاسایی بۆ کردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراودا.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، ئاشکراشی دەکات: لەو ڕوانگەیەوە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ئاسایی بۆ پێکهێنانی لێژنەی تایبەت بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دەکات، بۆیە داوا لە هەموو لایەن و فراکسیۆنەکان دەکەین، پەلە بکەن لە گەیشتن بە لێتێگەیشتنی هاوبەش لەپێناوی خێراترکردنی پرۆسەی ئامادەکاریی کردنی هەڵبژاردن لەمساڵدا.

حکوومەت ئامادەیی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ڕاگەیاند
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتیی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات. گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لەلایەن حکوومەتەوە هەموو ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردن کراوە،‌ دوای دەستنیشانکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن ڕێوشوێنەکان دەگرنەبەر.
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بابەتی ئامادەکارییەکانی حکوومەت بۆ هەڵبژاردن، ڕاگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردن کراوە،‌ وەک پێداویستییەکانی بودجە و ڕەخساندنی کەشێکی ئەرێنی و ئاسایشی پارێزراو.
لەبارەی پشتگیریی دارایی حکوومەت بۆ ئەو پرۆسەیە، جووتیار عادل، گوتی: حکوومەت ئامادەیە پاڵپشتی ئەو پرۆسەیە بکات و هەر پێویستییەک هەبێت لەڕووی لۆجستی و داراییەوە پشتگیریی دەکات، دوای دەستنیشانکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن، ڕێوشوێنەکانی تر دەگرنەبەر.