ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (14ـی ئادار/مارسی 2023)، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی گفتوگۆی نێوان هه‌ردوولایان تاوتوێ كرد و ده‌رباره‌ی دۆخی ئێستای عێراق و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌می، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ سه‌رۆك وه‌زیران عێراق ده‌ربڕی بۆ ته‌واوكردنی رێكاره‌كانی به‌ پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو تا له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

هه‌روه‌ها سەرۆکی هەرێمی کوردستان هه‌موو هاوكاری و پشتگیرییه‌كی بۆ سوودانی و حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق دووپاتكرده‌وه‌ و ئه‌و كارانه‌ی تا ئێستا له‌ کارنامه‌ی حکوومه‌ت جێبه‌جێی كردوون، به‌ ئه‌رێنی و مایه‌ی ئومێد ناوزه‌د كرد.

لەلایەن خۆیه‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ستایشی ڕۆڵی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانی عێراق و هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی بۆ ته‌بایی و له‌یه‌كگه‌یشتن، ده‌ربڕی.

هەروەها سوودانی دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ سه‌قامگیری و ئاسایش و پێشكه‌وتنی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌، به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه‌یشی به‌ خزمه‌تێكی بچووك زانی به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و شاره كراوه‌.

هه‌ردوولا له‌سه‌ر گرنگی و پێویستیی ته‌بایی و یه‌كڕیزیی نێوان هێز و پێكهاته‌ عێراقییه‌كان بۆ پاراستنی سه‌قامگیریی سیاسیی وڵات و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور هاوڕا بوون، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌ گرنگیی كه‌رتی تایبه‌ت و ڕۆڵی له‌ پێشخستنی وڵات له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌.

په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌شدارییان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا كرد له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و نوێنه‌رانی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ تیایدا بیروڕایان ده‌رباره‌ی دۆخی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستان، گۆڕییه‌وه‌