شیرین ئیبراھیم: لیژنەیەکی دیکە بۆ چاکسازی لە وەزارەتی شەھیدان پێک ھاتووە

بەرپرسێکی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان ئاشکرای کرد، پرۆسەی چاکسازی ھەنگاوی باشی بڕیوە و لیژنەیەکی دیکەش پێک ھاتووە بۆ دۆسیەی ئەو کەسانەی فایلی پێشمەرگایەتییان ھەیە و نوێنەری لایەنەکانی دیکەیشی تێدایە.

شیرین ئیبراھیم، راوێژکاری وەزارەتی شەھیدان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی شەھیدان بەردەوامە و لە ھەر بەڕێوەبەرایەتییەک لیژنەیەکی لاوەکی پێک ھاتووە و دوای ئەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش بەڕێوەبەرایەتیی کردەوە، لیژنەیەکیش بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتییە پێک دێت، بەتایبەتی ئێمە وەک لیژنەی سکاڵا ھیچ سکاڵایەکمان نەھێشتووەتەوە لەنێو وەزارەت، ئەو سکاڵایانەی ئێستا پێشکەش دەکرێن زیاتر ئەوانەن بەھۆی چاکسازییەوە راگیراون.

ڕاوێژکارەکەی وەزارەتی شەھیدان گوتی: “لە چوارچێوەی چاکسازییەکەی حکوومەتدا بەردەوام ناوی ئەوانەی بە نایاسایی سوودمەند بوون، لا دەدرێن، من خۆم گەشبینم بەو ھەنگاوانەی نراون لە پرۆسەی چاکسازی، چونکە بێگومان خەڵکێک پێشتر ناوی تۆمار کراوە بە شەھید و شەھیدیش نەبووە، ئەوە ھەمووی یەکلا دەکرێتەوە، ئێمە مووچەی کەس نابڕین، بەڵکوو دەمانەوێ ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.”

شیرین ئیبراھیم کە ھاوکات سەرۆکی لیژنەی سکاڵایە روونی کردەوە: “لیژنەیەکی دیکە پێک ھاتووە و نوێنەری ئەنجوومەنی ئاسایش و وەزارەتەکانی دارایی و پێشمەرگەشی تێدایە بۆ ئەوانەی مەلەفی پێشمەرگایەتییان ھەیە، ئەوانە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و ئەگەر لای ئێمە نەتوانن سوودمەند بن، ئەوە بەپێی یاساکانی وەزارەتی پێشمەرگە بکرێنە شەھید، یان خانەنشین، ئەمەیش ھەنگاوێکی دیکەیە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئەوانەی پێشمەرگە بوون.