کەشناسی هەرێم لەبارەی بارانبارینەوە هۆشداری دەدات

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی رایگەیاند، “لە ئێوارەی سبەینێوە کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت و وەک دەستپێکیش ئەو ناجێگیرییە سنووری پارێزگای دهۆک دەگرێتەوە؛ لە دوانیوەڕۆ تاوەکو ئێوارەی چوارشەممە ناجێگیریی کەشوهەوا بەهێزتر دەبێت و جگە لە دهۆک، سەنتەری هەولێر و موسڵیش دەگرێتەوە؛ بۆیە پێشبینی بارانی بەخوڕ دەکرێت و لەهەندێک شوێنیشدا لەوانەیە بارانەکە زۆر بەلێزمە بێت و ببێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ناوچەکان.

بەگوتەی ئاراس جەبار، لە هەندێک ناوچەی نزمی هەولێر، دهۆک و موسڵ ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوە و مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە، بەتایبەتی لە سنووری دهۆک و موسڵ.

کاریگەری ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ئەم هەفتەیە روو لە هەرێمی کوردستان دەکات لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆکانی ئەو سنوورە کەمتر دەبێت.

ئاراس جەبار گوتی، بارانبارین روو لەو ناوچانەش دەکات، بەڵام بەهێز نابێت، چونکە ئەو شەپۆلە بارانە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە دێت، بۆیە تاوەکو دەگاتە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت.