سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی سوید لە عێراق کۆبوونەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی ئاداری 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و  کۆسپەکانی بەردەم سەقامگیریی عێراق و جێبەجێبوونی بەرنامەی حکوومەتی عێراق تاووتوێ کرا.

بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەداوە، کە لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا رۆشنایی خرایە سەر هەڕەشەکانی هزری توندڕۆیی و تاییفەگەری لەسەر داهاتووی عێراق و ناوچەکە و جەختیش لە جێبەجێبوونی رێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال کرایەوە.

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی سوید لە عێراق ئەوەی خستەڕوو کە وڵاتەکەی پاڵپشتی لە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و  دەکات و وێڕای ئاماژەدان بە بوونی ژمارەیەکی زۆری جالیەی کورد و عێراقی خوازیاری ئەوە بوو پەیوەندییەکانی نێوان سوید و هەرێمی کوردستان و عێراق لە بوار جیاجیاکان پەری زیاتر بستینێت.

لەلای خۆیەوە سەرۆک بارزانیش سوپاسی گەل و حکوومەتەکانی سویدی کرد کە هەمیشە لە رۆژانی تەنگانەدا دەرگەیان بەڕووی گەلی کوردستان کردووەتەوە و پاڵپشتی دۆزی گەلی کوردستان بووە.