نەجات شەعبان: ئەوەی لایەنەکان لەسەری ڕێک کەوتوون، پەرلەمان پەسەندی دەکات

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەو خاڵانەی لایەنە سیاسییەکان لەسەری ڕێک کەوتوون، بە ھەمان ڕێککەوتن لە پەرلەمانی کوردستان دەنگیان لەسەر دەدرێت و دەستکاری ناکرێن و دەشڵێت: لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووان ژمارەی کۆرسییەکان بۆ ھەر پارێزگایەک دیاری دەکرێت.

نەجات شەعبان، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتوون، لەوانەش دابەشکردنی ھەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنە لەسەر بنەمای ڕێژەی دەنگدەران و دانیشتووانی ھەر پارێزگایەک، سیستەمی ھەڵبژاردنیش نیمچەکراوە دەبێت، واتە پەنجا لەسەدی دەنگدەر دەنگ بە لیستەکە دەدەن و ئەوانی دیکەش بە کاندیدەکان.”

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: “لەگەڵ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکان کۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و ھەڵبژاردنیش کارا دەکرێتەوە، واتە دەکرێتە یەک پاکێج و لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت.”

نەجات شەعبان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “ئەو خاڵانەی لایەنە سیاسییەکان لەسەری ڕێک کەوتوون ھەمان ڕێککەوتن لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت و دەستکاری ناکرێت، چونکە مەرجە لایەنەکان لەسەر ھەمواری یاساکە و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بگەنە ڕێککەوتن و پەرلەمان لاری نییە لەسەر چۆنیەتیی ڕێککەوتنی لایەنەکان.”