عێراق لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی جیهاندایە کە زۆرترین خۆراک بە فیڕۆ دەدات و ئەمەش بەشێکی پێوەندی بە نەریتە باو و خراپەکانی کۆمەڵگەوەیە. قەبارەی ئەو خۆراکەی ڕۆژانە لە عێراق بەفیڕۆی دەدرێ، دەگاتە دەیان هەزار تۆن و ساڵانە بە ملیاران دۆلار دەخرێتە زبڵدان کە ئەگەر پێشی پێ بگیرێ کۆتایی بە هەژاریی دەهێنێت.
ڕاپۆرتێک دەریخستووە نزیکەی ٤٣% لە خۆراک و چێشتی سەر خوانەکانی عێراق دەخرێتە نێو زبڵدان و قەبارەی ئەو خۆراکەش بە بیست هەزار تۆن دەخەمڵێنرێ.
لە عێراق لە کاتێکدا ئەو بڕە زۆرە خۆراکە بەفیڕو دەدرێ کە دۆخی ژیانی خەڵک بەراورد بە ساڵان ڕابردوو خراپتر بووە، ڕێژەی هەژاری بەرز بۆتەوە و توانای خەڵکیش بۆ کڕینی شتومەک و خۆراک دابەزیوە. توێژەرانی کۆمەڵایەتی ئاماژە بۆ گرنگترین هۆکاری ئەو بەفیڕۆدانە دەکەن کە وەک میراتێک بۆ عێراقییەکان ماوەتەوە و نەریتێکە کە مێژووی هەزاران ساڵەی هەیە.
وەک نەرتیێکی کۆن، عێراقییەکان چێشت و خواردنیان لەسەر سینییەکی گەورە ڕۆ کردووە و تەواوی ئەندامانی خێزانەکە هەر لەسەر سینەکە خواردوویانە و پاشان ئەوەی ماوەتەوە فڕێ دراوە. هەر بە پێی نەریتەکە خۆراک و چێشت زۆر زیاتر لە پێداویستی خێزانەکە دروست کراوە و هەر ئەمەش وای کردووە کەم خێزان بتوانێت ئەو خۆراکە تەواو بکات کە لەسەر سینییەکە پێشکەش کراوە. سەیر لەوەدایە بەفیڕۆدانی خۆراک لە کاتی میوانداری بۆ چەند هێندە زیاد دەکات.
سەرەرای ئەوەی ژیان لە زۆر ڕووەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە بەڵام ئەو نەریتە لای زۆربەی عێراقییەکان وەک خۆی ماوەتەوە و بەفیڕۆدانی خۆراک لە جیاتی کەمبوونەوە، زیاتریش بووە.
توێژەران پێیان وایە بە گەشەپێدانی بەرنامەی جیاوازی ڕۆشنبیری وکۆمەلایەتی و لە ڕێی مێدیاوە دەکرێ ڕووبەڕووی ئەو دیاردە ناشارستانییە ببنەوە و لەم ڕووەوە دامەزراوە حکوومی و نێودەوڵەتییەکانیش پێویست دەکات ڕۆڵ بگێڕن.
بەفیڕۆدانی خۆراک لەڕووی ئابوورییەوە کاریگەریی زۆر نەرێنی هەیە و عەبدولڕەحمان مەشهەدانی، پسپۆڕی ئابووری بە کەناڵی جەزیرەی گوتووە بەفیڕۆدانی خۆراک لە عێراق نەریتێکی ناپەسەندە و پاساوەکەشی تەنیا ڕێزگرتنە لە میوان و خێزانەکان پێیان وایە تا زیاتر خۆراک و چێشت دروست بکرێ ئەوا ڕێزی زیاتر لە میوان گیراوە.
بەفیڕۆدانی خۆراک لە عێراق لە کاتێکدا پەرەی سەندووە کە قەیرانی خۆراک باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە و ئەو خۆراکانەش کە هاوردەی عێراق دەکرێن بە نرخێکی گرانتر لە ساڵان دەکڕدرێن.
ئەگەر نرخی تۆنی خۆراک بە ٥٠٠ دۆلار بخەمڵێنرێ، ئەوا بەو دەرەنجامە دەگەین کە ڕۆژانە دە ملیۆن دۆلار بەفیڕۆ دەچێت و قەبارەی خۆراکی بە فیڕۆدراو لە ماوەی ساڵێکدا دەگاتە سێ ملیار و شەش سەد و پەنجا ملیۆن دۆلار. بەو پارەیە دەکرێ دەیان پڕۆژەی ستراتیجی بنیات بنرێن و هەژاریش لە ناوچەکە بنبڕ بکرێت.
ڕاستە لە بەشە عەرەبییەکەی عێراق نەریتی بە فیڕۆدانی خۆراک زیاترەم بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە لە کوردستان ئەو نەریتە نەبێت. ساڵی ڕابردووش لە هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتێک دەری خست کە ڕۆژانە دوو هەزار و شەش سەد تۆن خۆراک بە فیڕۆ دەدرێ. خەڵکی هەرێمی کوردستانیش لەژێر کاریگەری هەمان نەریت، ڕۆژانە خۆراکێکی زۆر بە فیڕۆ دەدەن و بەشێک لە پێکهاتەی زبڵی تەنەکەی بەردەرگای ماڵان لە پاشماوەی خۆراک پێک دێت.
جگە لە ماڵەکان خەڵک لە خواردنگەکانیش خۆراکێکی زۆر بە فیڕۆ دەدەن و ئەگەر سەردانی هەر خواردنگەیەکی هەولێر بکەی دەبینرێ چ بڕە خۆراکێک لەسەر مێزەکان دەمێنتەوە و دەخرێتە زبڵدانەوە.
هێشتا لە عێراق وهەرێمی کوردستان ڕیسایکلینی تایبەت بە خۆراک نییە و کارەگەیەک نییە تەنیا پاشماوەی خۆراک بۆ جۆری تری خۆراک بگۆڕێت و دووبارە سوودی لێ وەربگیرێتەوە.
هێندەی نەماوە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەست پێ بکات کە مانگێکە بۆ برسێتی و گەیشتن بە دۆخێک کە زیاتر درک بە برسییەکان بکرێ، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان هاوشێوەی تەواوی وڵاتانی مسوڵمان لە جیاتی ئەوەی خۆراکی کەمتر بخورێ، زیاتر لە مانگەکانی پێشتر خۆراک دەخورێ و ڕادەی بەفیڕۆدانی خۆراکیش زیاد دەکات، دیاردەیەک کە ئاین بە تەواوی ڕەتی کردووەتەوە.