ڕائیب جادر – هەولێر
دوایی ڕێککەوتنی لایەنەکان لەسەر ھەمواریی یاسای ھەڵبژاردن، ١١ کورسییەکەی پێکھاتەکان سەرەکیترین ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانە، بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیار وایە ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت. سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن چاوەڕوانی ڕێککەوتنی لایەنەکانە. بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی ھەڵبژاردنی پارتی، دەڵێت: لەگەڵ یەکێتی لەسەر ئەو خاڵانەی بەربەست بوون لەبەردەم ھەڵبژاردن ڕێککەوتین، تەنھا بابەتی پێکھاتەکان ماوە، بۆ ئەوەش پارتی لەگەڵ ئەوەدایە، پێکھاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
بڕیار بوو ١-١٠ی ساڵی ڕابردوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەھۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر بابەتی ھەڵبژاردن و کۆمیسیۆن، لەو وادەیە نەکرا، لە ٩-١٠ تەمەنی پەرلەمان بۆ کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ درێژ کرایەوە، بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت.
دوایی کۆبوونەوەی دەزگاکانی ھەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی کوردستان، بە شاندێکی ھاوبەش لە سلێمانی سەردانی ژمارەیەک لایەنیان کرد، بەمەبەستی خستەڕووی ڕێککەوتنی نێوانیان و وەرگرتنی بۆچوونی ئەو لایەنانە لەبارەی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە چەند ڕۆژی داھاتووشدا لەگەڵ پێکھاتەکان کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی سەرنج و تێبینییەکانیان وەربگرن.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردن دیاری دەکات
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: دەبێت ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکەین، ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە، کاریگەری لەسەر ھەموو شتێک دەبێت، بەتایبەتی بابەتی شەرعیەتی ھەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەداخەوە دەبوایە ساڵی ڕابردوو ھەڵبژاردن کرابایە، بەڵام ھێزە سیاسییەکان لەسەر کۆمەڵێک شت پێک نەھاتن بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن بکرێت، ئێمە لە سەرۆکایەتی ھەرێم دەستمان کردووە بە دانیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ھیوادارم ھەموو لایەنەکان لە ھەرێمی کوردستان بابەتی ھەڵبژاردن بە بابەتێکی جددی وەربگرن، چونکە ئەمە مافی خەڵکە.
دڵشاد شەھاب، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئێستە لێکنزیکبوونەوەی باش لە نێوان پارتی و یەکێتی ھەیە و دواھەمین کۆبوونەوەش بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچوو و چاوەڕێ دەکرێت لە زووترین کاتدا ڕێکارە یاساییەکان بۆ ھەڵبژاردن دەست پێ بکات. بەپێی یاسا، ڕاگەیاندنی وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە دەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو وادەیە دیاری دەکرێت؛ ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی یاسای درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی پەرلەمان کە جەختدەکاتەوە لەمساڵدا ھەڵبژاردن بکرێت و چەند مانگێکیش پێویستە بۆ ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن.
پارتی لەگەڵ ئەوەدایە، پێکھاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن
ھاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە مەکتەبی ھەڵبژاردنی پارتی، گوتی: لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی کوردستان ببێتە چوار بازنەی ھەڵبژاردن، شێوازی ھەڵبژاردن نیوە بە لیستی کراوە و نیوە بە لیستی داخراو بێت، دابەشکردنی کورسییەکان بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی عێراق بێت، ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت بۆ سوود وەرگرتن لە لیستی تۆماری دەنگدەران، تەنھا پرسی کورسیی پێکھاتەکان ماوە ئەویشمان داوەتە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کە بڕیارە ئەم ھەفتەیە لەگەڵ نوێنەرانی پێکھاتەکان کۆببنەوە بۆ ئەوەی ڕا و بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو پرسە بخەنەڕوو و خۆیان بڕیاری خۆیان بدەن، کە پارتی لەگەڵ ئەوەدایە پێکھاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ نوێنەری پێکھاتەکان کۆدەبێتەوە
بڕیارە ئەم ھەفتەیە یەکێتی و پارتی بە ئامادەبوونی نوێنەری پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان کۆببنەوە، کۆبوونەوەکە لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنە، مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی، ڕایگەیاند، ئەم ھەفتەیە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی ڕۆژێک دیاری بکەن بۆ کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری سەرجەم پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان.
مونا قەھوەچی، دەڵێ: ھەڵبژاردنمان بە یەک بازنە دەوێت و دەبێت بە ھەمان میکانیزمی ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ یەکێتی و پارتیش جەخت لەوە دەکەینەوە.
داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین پرسی کۆتاکان تێکەڵی ناکۆکییەکانیان نەکەن
ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی داوای لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد پرسی کۆتاکان تێکەڵی ناکۆکییە سیاسییەکانیان نەکەن و دەڵێت، پاراستنی مافی پێکھاتەکان، دەبێتە پاڵنەرێکی بەھێز بۆ ئەو پێکەوەژیانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، ئێستە پێکەوە ژیانێکی زۆر باش لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، ئەمە جێگەی دڵخۆشیمانە و پێکھاتەکان نوێنەری خۆیان ھەیە لە پەرلەمان، سەرۆکایەتی ھەرێم و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ئایدن مەعروف، گوتیشی: ھەر کارێک کە پەیوەندی بە پێکھاتەکانەوە ھەبێت، دەبێت ڕاوێژ لەگەڵ نوێنەرانی پێکھاتەکان بکرێت و ھەر بابەت و کارێک بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ نوێنەرانی پێکھاتەکان بکرێت، قبووڵکراو نییە. داواکارین لە داھاتوودا ھەر گۆڕانێک لە کۆمیسیۆندا بکرێت، ڕەچاوی نوێنەرانی پێکھاتەی تورکمان بکرێت.