ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كە بڕیارە حكومەتی عێراق دەرچووانی پزیشكی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دابمەزرێنێت.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ دامەزراندنی دەرچووی دانەمەزراوی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان لەبەشە پزیشکی و تەندروستیەکان، کە دانیشتوی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن كردووە.
ڕاشیگەیاند، ئەو دەرچووە دانەمەزراوانە ژمارەیان ١٦٨٣ كەسە بەوانەشی، کەبڕوانامەی خوێندنی باڵایان ھەیە، بەشێوەی ئەلکترۆنی تەنھا ٨٥٠ دەرچوویان ناویان گەڕاوەتەوە.
وتیشی، “ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی داواکەی بەھەند وەرگرتووە، کە سەرجەمی ئەو دەرچووە دانەمەزراوانە مافی خۆیانە دابمەزرێن و داوای بەپەلەی ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی کردووە”.
جەختیشی كردەوە، داوای دامەزاندنی هەموويان ڕەوانەی وەزارەتی تەندروستی عێراق کراوە.