گوتەبێژى دەستەى گشتیى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە کۆریاى باشوور ڕاپۆرتێکى ڕاوێژکاریی داوەتە حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى لەبارەى گەشتوگوزارەوە هەماهەنگى لە نێوانیاندا هەبێت.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژى دەستەى گشتیی گەشتوگوزار ڕاگەیاند: “کۆریاى باشوور پڕۆژەیەکى ڕاوێژکاریی داوەتە حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى سوودوەرگرتن لە کەرتى گەشتیاریى وڵاتەکەیان و لەلایەن حکوومەتیشەوە پڕۆژەکە ئاراستەى ئێمە کراوە”.
گوتیشى: “ئێمەش لاى خۆمانەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرەکانى گەشتوگوزار تاوتوێمان کردووە بەوەى کە کام بڕگە و خاڵ لەگەڵ کەرتى گەشتیاریى وڵاتى ئێمە دێتەوە و دەتوانین سوودى لێ وەرگرین و شێواز و سوود لێوەرگرتنەکە چۆن بێت، لەو باریەوە ڕاپۆرتێک ئامادە دەکەین و دەیدەینەوە حکوومەت بۆ ئەوەى ئەوانیش وەڵامى کۆریا بدەنەوە و هەماهەنگییەکە بکەوێتـە بارى جێبەجێکردن کە بەدڵنیاییەوە بەهۆیەوە کەرتى گەشتیاریى هەرێمى کوردستان هەنگاوێکى باشتر دەچێتە پێشەوە”.