خوێندنی باڵا: دواى نەورۆز پڕۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى ماستەر و دکتۆرا دەستپێدەکات

بڕیارە لە دواى پشووى نەورۆزى ئەمساڵ، پڕۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: دواى پشووى نەورۆز، پڕۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا (دیبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەست پێ دەکات، لەو پێناوەى بتوانین لە قۆناغێکی دیکەدا پۆلێک لە خوازیارانمان توانا و بڕوانامە زانستییەکانیان بۆ خزمەتکردنى زیاترى کەرتى خوێندنى باڵا بەرز بکەنەوە.

ئەم لێدوانەى د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانى بەشداریکردنی لە مەراسیمى خولى دوانزەمى دەرچووانى زانکۆى زاخۆ هات، کە ڕۆژى چوارشەممە، ڕێکەوتى 8ى ئادارى 2023، بەڕێوەچوو.