سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کۆبوونەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی مارس، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ماوریتزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کۆبوونەوە.

ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا کە میکێلێ کامێرۆتا کونسوڵی ئیتاڵیا لە هەولێر ئامادە بوو، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا تاوتوێ کرا.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، کە پێویستە لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا، هەلبژاردن ئەنجام بدرێت و نابێت چیتر دوا بخرێت .

ئاماژە بەوەشدرا، کە باڵیۆزی ئیتاڵیا ستایشی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە بواری بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کارکردن لە پێناو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ئافرەتان و بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی بە تایبەتی.

ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور و بە شێوەیەکی بنەڕەتی دووپات کرایەوە.