شاری هەولێر لە قۆناغێكی پێشكه‌وتووی ڕێگاوبان و دابینكردنی خزمەتگوزارییەکانە

چواس خالید – هەولێر

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکان به‌رده‌وامه‌ و له‌ سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر به‌ گوژمه‌ی حه‌وت سه‌د و په‌نجا ملیۆن دیناری عێراقی، چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری له‌ ناحیه‌ی داره‌تووی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر و به‌ زیادتر له‌ هه‌شت سه‌د و نه‌وه‌ت و سێ ملیۆن دینار، قیرتاوكردنی شه‌قامی بازاڕی ته‌یراوه‌ جێبه‌جێ كرا.

له‌چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی حه‌وت سه‌د و په‌نجا ملیۆن دیناری عێراقی له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر، چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری بنیاتنان و قیرتاوكردن له‌ ناحیه‌ی داره‌تووی هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كاندا، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی شه‌قامی پێش سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری و لاوانی داره‌توو، دروستكردنی و قیرتاوكردنی شه‌قامێكی ٢٠ مه‌تری و بنیاتنانی پردێكی چوار چاوه‌، كه‌ گه‌ڕه‌كی برایه‌تی و ژین به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ هه‌یه‌.
هاوكات هه‌ر له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌، پڕۆژه‌ی دروستكردن و قیرتاوكردنی شه‌قامێكی ٢٠ مه‌تری له‌گه‌ڕه‌كی هه‌رێم و پڕۆژه‌ی دروستكردن و قیرتاوكردنی شه‌قامێكی ١٥ مه‌تری، كه‌ گه‌ڕه‌كی هه‌رێم به‌ كه‌رتی دوو هه‌زاری گه‌ڕه‌كی ژین ده‌به‌ستێته‌وه‌ هه‌نه‌.
هاوكات هه‌ر له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگای هه‌ولێر، به‌ گوژمه‌ی هه‌شت سه‌د و نه‌وه‌ت و سێ ملیۆن و شه‌ش سه‌د و نه‌وه‌ت و پێنج هه‌زار دیناری عێراقی، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی شه‌قامی بازاڕی ته‌یراوه‌ له‌ شاری هه‌ولێر جێبه‌جێ كرا.
شاری هه‌ولێر كه‌ له‌ڕابردوودا به‌ شاری چاڵوچۆڵه‌كان و تاسه‌ی شه‌قامه‌كان ناوی هه‌بوو، ئێستا له‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتووی ڕێگاوبان و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌یه‌ و پارێزگاری هه‌ولێر له‌چوارچێوه‌ی كارنامه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ پێویستییه‌كانی شاری هه‌ولێر، به‌جۆرێك حه‌فتانه‌ لێره‌وله‌وێ به‌ردی بناغه‌ی پڕۆه‌ژی نوێی خزمه‌تگوزاری داده‌نرێت و به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م و به‌ كوالییه‌تی به‌رزی ستاندارد، پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌خرێنه‌ سه‌ر ژێرخانی خزمه‌تگوزارییه‌كانی شار و خزمه‌ت هاووڵاتیانی پارێزگای هه‌ولێره‌وه‌.
جیا له‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگاكان پێشكه‌ش ده‌كرێت، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ داهاتی نه‌وتی و ناوخۆیی، سه‌رباری بڕینی به‌شه‌ بوودجه‌كه‌ی به‌ نایاسایی له‌ به‌غداد و دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆران، حه‌فتانه‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی ده‌كات، ته‌نیا له‌ ساڵی ڕابردوو و له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی بیست و هه‌شت ملیار و پێنجسه‌د و بیست ملیۆن و پێنجسه‌د و نه‌وه‌ت و دوو هه‌زار و حه‌وتسه‌د و هه‌ژده‌ دیناری عێراقی، ٥٣١ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سێكته‌ره‌كانی شاره‌وانی، ئاو و ئاوه‌ڕۆ و گه‌شتوگوزار له‌ سنووری پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ و تێكڕای ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان جێبه‌جێكراون.