بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی: میکانیزمی جێگیرکردنی نرخ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانییەوە دەستی پێکردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی بەشێک لە ماددە خۆراکییەکان هەرزان بووە، هاووڵاتییانیش داوا دەکەن حکوومەت لە ڕێگەی لیژنە تایبەتیەکانیەوە، چاودێری زیاتر بخاتە سەر بازاڕ، بۆ ئەوەی نرخی خۆراک و کەلوپەل زیاتر هەرزان بێت. بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی، هەر بارێک کە لە دەرەوە دێتە هەرێمی کوردستان، پارەی ڕەسمی گومرگی بۆ کەم دەکات، ئەوەش کاریگەریی دەبێت بۆ دابەزینی نرخی کاڵاکان.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت نرخی گونجاو بۆ کاڵا خۆراکییەکان دیاری بکات، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت بە گونجاوترین نرخ پێداویستییەکانیان دەست بکەوێت، بەتایبەتی ئەو خۆراکانەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێن، ئەمەش لەلایەکەوە بۆ پاراستنی باری دارایی هاووڵاتییان و لە لایەکی دیکەەوە بۆ بەردەوامبوونی کێبڕکێ و جووڵەی بازاڕە.
خونەر جەمال، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: پاڵپشت بە نووسراوی بانکی ناوەندیی عێراق، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەت پابەند دەکات، کە بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق مامەڵە بە دراوی دۆلار بکەن، کە بۆ ١٠٠ دۆلار ١٣٠ هەزار دینار دیاری کراوە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بڕیارە کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی نرخی کاڵا و کەلوپەل و خۆراک دەبێت، گوتیشی: لە خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان پارەی ڕەسمی گومرگی کاڵاکان لەسەر بازرگانان و کۆمپانیاکان بە ڕێژەی یەک لەسەر هەشت کەم دەکرێتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخی کاڵا و شمەک دەبێت و نرخەکەیان کەمێک دادەبەزێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی جەختی کردەوە، ئێستە بڕیارەکە لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و فڕۆکەخانەکان جێبەجێ دەکرێت، گوتیشی: پێشتر ڕەسمی گومرگی لە خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان بەجۆرێک بوو، هەر ١٠٠ دۆلار بە سەد و چل و پێنج هەزار دینار هەژمار دەکرا، بەڵام ئێستا ١٠٠ دۆلار بە سەد و سی هەزار دینار هەژمار دەکرێت. ئەگەر بارێک گومرگەکەی هەزار دۆلار بوو بێت، پێشتر یەک ملیۆن و چوارسەد و پەنجا هەزار دینارمان لێ وەردەگرت، بەڵام ئێستا یەک ملیۆن و سێ سەد هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت. واتە بەگشتی، هەر بارێک کە لەدەرەوە دێتە هەرێمی کوردستان پارەی ڕسمی گومرگی لەسەر کەم دەکرێتەوە، ئەوەش کاریگەریی دەبێت بۆ دابەزینی نرخی کاڵاکان، لە کاروبارەکانی وەزارەت و دام ودەزگاکان و باج، هەموو مامەڵەکان بە دینارن، بۆیە ئەو بڕیارە ڕەنگدانەوەی زیاتری لەسەر بواری گومرگ دەبێت، ئەوەش پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە بازاڕ و ژیانی خەڵکەوە هەیە.
بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی، نرخی کەلوپەل هەرزان بووە و لە داهاتووشدا نرخی خۆراک زیاتر هەرزان دەبێت. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بارزگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتی: وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر کەمکردنەوەی نرخی خۆراکە سەرەکییەکان کردووە، بۆ ئەوەی کێبڕکێ لە نێوان بازرگانەکان دروست بێت و ڕێگری لە زیادبوونی نرخ بکەین.
شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە بازاڕ هەندێک جار بەرز و نزمی لە نرخەکان دەبینین، ئەوە هەموو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئالۆگۆڕی بازرگانی زۆرمان لەگەڵ وڵاتە دراوسێکاندا هەیە، پارەکەی ئەوان بەرز و نزمییەکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، لەو حاڵەتەدا نرخی کاڵاکانیش بەرز و نزم دەبنەوە. ئێمە لەگەڵ تورکیا ساڵانە زیاتر لە دە ملیار دۆلار ئالوگۆڕی بازرگانی دەکەین، لەگەڵ ئێران نزیکەی حەوت ملیار دۆلار ئالوگۆڕی بازرگانی دەکەین، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت زۆربەی کاڵاکانمان لەو دوو وڵاتەوە دێن.
بەهۆی ناجێگیری بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە بازاڕدا، حکوومەتی هەرێم چەند هەنگاوێک دەگرێتەبەر بۆ پاڵپشتیکردنی هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەت، یەکێک لە هەنگاوەکانیش پاڵپشتیکردنی بازرگانانە بۆ دابینکردنی ماددە خۆراکییەکان بە نرخی هەرزانتر لە بازاڕ و بەردەوامبوون لە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە و پێشنیازیش کراوە، مامەڵەکانی ئاڵوگۆڕ و کڕینی ئۆتۆمبێل و خانوو بکرێتە دینار. ماردین ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتدا، میکانیزمی جێگیرکردنی نرخ دەستی پێکردووە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانییەوە هەماهەنگی لەگەڵ بازرگانان بۆ هێنانەخوارەوەی نرخ کراوە، بۆ ئەوەی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر کڕیاران و هاووڵاتییان هەیە، نەمێنێت، جگە لەوەی ڕۆژانە لیژنەکانمان بۆ پشکنینی نرخ لە بازاڕەکاندا لە گەڕاندان، لە ئەگەری ساغکردنەوەی کاڵای ماوە بەسەرچوو، ڕێکاری یاسایی دەگرنەبەر.