یونیسێف تۆڕی نیشتمانی بۆ كچانی هەرێمی كوردستان و عێراق خستە گەڕ

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

رێكخراوی یونیسێف بە هاوبەشی لەگەڵ تۆڕی هاوشانی گەنجان – كە ڕێكخراوێكە گەنجان بەڕێوەی دەبەن – تۆڕی نیشتمانی كچانیان خستە گەڕ، كە پاڵپشتی كراوە لەلایەن كەنەدا و كۆمەكبەخشەكانی دیكە بە ئامانجی پێشخستنی و پێشەنگكردنی مافەكانی كچان لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی كوردستان.

ئامانجی تۆڕە نوێیەكە تواناداركردنی كچانی خاوەن لێهاتوویی و زانیارییە تاوەكو لەسەر ئاستی نیشتمانی سەركردایەتی چالاكییەكانی داكۆكیكردن بكەن، هەروەها بۆ ئەوەی بەشداری و پشكداری بكەن لەو پرسە سەرەكیانەی كاریگەرییان لەسەر منداڵان و گەنجان هەیە لە عێراق و هەرێمی كوردستان
٣٣٠ گەنج كە بە زۆری كچن، ڕاهێنانیان پێ دەكرێت بۆ ئەوەی كاریگەریی چالاكانەیان هەبێت لەسەر ئەو پرۆسانەی بڕیاردان كە كاریگەرییان هەیە لەسەر ژیانیان. ئەم كردارانە سەرنج دەخەنە سەر ئەو سیاسەت و بەرنامانەی برەو بە یەكسانی جێندەری دەدەن و پشتگیری لە تواناداركردنی كچان دەكەن بۆ ئەوەی لە نێو لایەنە پەیوەندیدارە نیشتمانییەكانی دیكەدا ڕۆڵێكی سەرەكی لە پرۆسەكانی بڕیاردان بگێڕن.
بەڕێوەبەری هەرێمی یونیسێف، ئەدیل خوزر رایگەیاند:”كچان لە سەدا٥٠ـی بەهرەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا پێك دەهێنن. لە رێی تۆڕی نیشتمانی كچانەوە، پەیامێك بە هەزاران كچی گەنج دەگات بۆ پێشخستنی مافەكانی منداڵان و یەكسانی جێندەری لە رێی گرتنەبەری رێككاری كردارییەوە. ئەو پەیامەی ئەمڕۆ بۆ كچانی دەنێرین بەرز و ڕوونە: پێویستمان بەوەیە ئێوە بەشێك بن لەو بڕیارانەی كاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەتان هەیە.”
بە پێی ئامارێكیش كە لەلایەن رێكخراوی یونیسێفەوە بڵاوكراوەتەوە نزیكەی ٦٠%ـی دانیشتووانی عێراق تەمەنیان لە خوار ٢٥ ساڵانەوەیە و تێكڕای تەمەنیان ٢١ ساڵانە، بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی و نائارامی كۆمەڵایەتی و كێشە ئابوورییەكانەوە، گەنجان تووشی بێكاریی زۆر (لە ساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لە یەك لە كۆی چوار كەس، بەپێی ئامارەكان) و دەستڕاگەیشتنێكی سنووردار بە دەرفەتەكانی بەشداریكردنی مەدەنی و كۆمەڵایەتی و ئابووری دەبنەوە.