چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

شوقه‌ و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان دروست ده‌كرێت

ئه‌مڕۆ سێشه‌م لە رێورەسمێکدا هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆنووسێکی تایبەتیان سه‌باره‌ت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە) بۆ کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسی واژوو كرد.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌م به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و عەبدوڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەحمەد مام رەسووڵ بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە وەزارەتی شەهیدان به‌ڕێوه‌چوو.

لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا سەبارەت بە هەوڵ و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەت بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، ئەوەش دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (191) لە (22/12/2022)، هەردوو وەزارەت کار دەکەن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە) بۆ کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانییانی سیاسی ئەوانەی تائێستا سوودمەند نەبوون.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوە دا كه‌ ئەوەی بۆ کەسوکاری شەهیدان بکرێت بە واجب و ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین و ئەرکی هەمووانە، وەک وەزارەتیش ئەوەی لەتواناماندا بێت درێغی ناکەین و ئامادەین بۆ هاوکاری و پاڵپشتی وەزارەتی شەهیدان لە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدان.

لای خۆشییەوە، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سوپاسی پاڵپشتی و پشتیوانییەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی کرد و جەختی کردەوە كه‌ ئیمزاکردنی ئەم کۆنووسە تایبەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە) بۆ کەسوکاری شەهیدان دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ هەردوو وەزارەت.

دواتر لە رێورەسمێکدا، لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆنووسی هاوبەشی نێوان هەردو وەزارەت واژوو کرا کە خۆی دەبینێتەوە لە ژمارەیەک پێشنیار و ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ بڕیاردان.

هاوکات بەپێی بڕیاری ژمارە (191)ی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن هاوکار و هەماهەنگ دەبێت بە دابینکردن و رەخساندنی خزمەتگوزارییەکانی رێگاوبان بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی سەر بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.