ڕۆژى دووشەممە، ٦ى ئادارى ٢٠٢٣، سیمپۆزیۆمی “ناساندنی یاسا و مافەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی” بە هەماهەنگیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و خوێندنی باڵا و ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) بەڕێوە چوو.
د. ئەمیر عەبدولرحمان، ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتی: “بەستنى ئەم سیمپۆزیۆمە بەرهەمى ئەو یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنەیە کە لە مانگى ئادارى ساڵى ٢٠٢٢ لەنێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى ئیمزا کرا، هیوادارین لە میانى پێشکەشکردنى سیمپۆزیۆمەکەدا، بەرچاوڕوونییەکى تەواو لەبارەى یاسا و مافەکانى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى پێشکەش بە هەمووان بکات.”
د.ئارام مەحمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتارێکدا کە بە ناوى هەردوو وەزارەت پێشکەشی کرد، باسى لە چۆنیەتیی ڕەخساندنى دەرفەتى کار و ئاستەنگەکان کرد و ڕایگەیاند: “پرسی دەستکەوتنی هەلی کار و پەرەپێدانی توانای گەنجانی وڵاتەکەمان پرسێکی نیشتمانیی گرنگ و پڕبایەخە، گوتیشى ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەموو تواناکانمان بۆ پەرەپێدانی توانای گەنجان و دەرچووانی زانکۆکانمان خستووەتە گەڕ، بۆ ئەوەی گەنجانی وڵاتەکەمان بتوانن بە ئاسانی پێشبڕکێی بەدەستهێنانی هەلی کار بکەن.”
د.ئارام محەمەد قادر، لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا گوتى: “ئێمە ئێستا کار دەکەین بۆ ئەوەی ناوەرۆکی پڕۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار باشتر پێکەوە ببەستینەوە و بابەتەکانی خوێندن و ڕاهێنان پەیوەندیدار بن بەو کارامەییانەی کە بۆ بازاڕی کار پێویستن. لەناو پڕۆسەی خوێندندا، گرنگیی زیاتر بە ڕاهێنانی پراکتیکی و ڕاهێنان لە شوێنی کار بدەین.”
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەى بە پڕۆژەیەکى گرنگى وەزارەتەکەى کرد و ڕایگەیاند: “لە مانگی ٢ی ئەمساڵدا پڕۆژەی پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندنمان دەست پێ کرد. هاوکات بۆردی ڕاوێژکاریی ئەکادیمیا و کەرتی تایبەت و کەرتی پشەسازیمان (Industry Advisory Board) پێک هێناوە؛ هەفتەی داهاتووش بە هاوکاریی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان، پڕۆژەی ڕووپێویی زانستییانەی بازاڕی کار دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.”
لە سیمپۆزیۆمەکەدا، دوو پانێڵ بەناونیشانەکانى “خواستى دەرچووان بۆ کارکردن لە کەرتى گشتى” و “یاساکانى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و پاراستنى ماف لە کەرتى تایبەت” لەلایەن لێپرسراوان و شارەزایانى بوارەکە پێشکەش کرا و لەلایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆ کرا.