نێچیرڤان بارزانی و لوید ئۆستن كۆبوونه‌وه‌؛ “ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پاڵپشتیكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌”

وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتیی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دووپاتده‌كاته‌وه. ده‌شڵێت، ئه‌مه‌ریكا پێشوازی له‌ هه‌نگاوه‌كانی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (7ـی ئادار/مارسی 2023)، لوید ئۆستن، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

دوای ته‌وابوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوانیان، هه‌ردوولا كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییان ئه‌نجامدا و وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووسانیان دایه‌وه‌. لوید ئۆستن، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا پاڵپشتیی وڵاته‌كه‌ی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی “تیرۆریستانی داعش” دووپاتكرده‌وه‌.

ئۆستن گوتی، “له‌ عێراق ده‌مێنینه‌وه‌ و به‌رده‌وامده‌بین له‌ پاڵپشتیكردنی هێزه‌كانی عێراق و پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش. له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان شانبه‌شان كارمان كردووه‌”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا پێشوازی له‌ هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی لیواكانی 70 و 80 ده‌ربڕی و گوتی، “ئه‌مه‌ریكا پێشوازی له‌ هه‌نگاوه‌كانی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات”.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی پاڵپشتیی به‌رده‌اومی ئه‌مه‌ریكا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی. گوتیشی، “له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هه‌ماهه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقمان تاوتوێكرد”.