وەزیری خوێندنی باڵا: هەلی کار لە هەرێمی کوردستان زۆرە بەڵام پێویستیبە رێکخستنەوە هەیە

ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سیمپۆزیۆمی ناساندنی یاساکانی مافەکانی کار رایگەیاند، وەزارەتەکەیان ئەوپەڕی توانای خۆی خستووەتەگەڕ بۆ پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان، تا لەداهاتوودا لە بازاڕی کار بە ئاسانی کاریان دەستبکەوێت.
ئارام محەمەد ئاماژەی بەوەشدا، هەلی کار لە بازاڕی هەرێمی کوردستان زۆرە، بەڵام پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە و، پێویستی بەوەیە کە بەهرەکانی خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، ئەمەش ئەرکی ئەکادیمیا و وەزارەتی خوێندنی باڵایە.
راشیگەیاند، هەوڵدەدەن پرۆگرامی خوێندنی زانکۆکان بەجۆرێک لێبکەن تا لەگەڵ داواکارییەکانی بازاڕی کار یەکبگرێتەوە.
وەزیری خوێندنی باڵا گوتیشی: کار دەکەین بۆئەوەی بۆشاییەکانی دەستی کار لە هەرێمی کوردستان بە دەستی کاری ناوخۆیی پڕ بکەینەوە.
ئارام محەمەد لە سیمپۆزیۆمی ناساندنی یاساکانی مافەکانی کار دووپاتیکردەوە، کە دەبێت ئیتر بەهرە دروست بکەن و، کادر بۆ بازاڕی کوردستان دروست بکەن، ئەمەش ئەرکێکی گرانە و رەنگە بە کابینەیەک یان تەنیا بە وەزارەتی خوێندنی باڵا جێبەجێ نەکرێت.