دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ: بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، دامەزراوەی بەرگریی شارستانی و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكان بایەخیان پێدراوە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی ڕووداوە نەخوازراوەکاندا، بایەخێکی زۆر بە پاراستنی سەلامەتیی گیان و ماڵی هاووڵاتییان دەدات، بۆیە بە بەردەوامی پاڵپشتیی کارمەندانی بەرگریی شارستانی دەکات و کەلوپەلی پێویستیان بۆ دابین دەکات.

لەم چوارچێوەیەشدا، وەزارەتی ناوخۆ بە دوو قۆناغ، ٧٤ ئۆتۆمبێلی بچووک و گەورەی تایبەت بە فریاکەوتن، ئاگرکوژاندنەوە و و ڕزگارکردن بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی دابین کردووە.

حکوومەتی هەرێم بایەخی تەواوی بە فریاگوزاری داوە
لەمبارەیەوە، د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، بە پێگەی فەرمیی حکوومەتی ڕاگەیاندووە: لە چوارچێوەی بایەخەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بواری بەرگریی شارستانی، لەپێناوی ئامادەكارییەكان بۆ هەر جۆرە ئەگەرێكی نەخوازراو و ڕووداوی سرووشتی و كارەساتی ئاگركەوتنەوە و بوومەلەرزە، یان كارەساتی تەقینەوەی گاز کە لە ماوەی ڕابردوو ڕوویان دا، بایەخێكی تەواومان بە بواری فریاگوزاری داوە، هەم لەڕووی ئەوەی کارمەندان بۆ پێگەیاندن بەشدارییان لە خولی ڕاهێنان و بەرزكردنەوەی تواناكانیان لە بواری جۆراوجۆردا كردووە.
هەروەها میرانی ئاماژەی بەوەشدا: لە بواری دابینكردنی كەلوپەل، لە ماوەی ڕابردوودا بە دوو كاروان ئوتومبێلی ئاگركوژێنەوە دابین كران؛ كاروانی یەكەم بریتی بوو لە هەندێك ئۆتۆمبێلی بچووكی تۆیۆتا بۆ ناوچە شاخاوییەكان، لەگەڵ ئۆتۆمبێلی گەورەی ئاگركوژێنەوە. كاروانی دووەمیش لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بوو؛ ئەوانیش دوو جۆر بوون: ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە لەگەڵ ئۆتۆمبێلی ڕزگاركردن.

هەماهەنگی و پێگەیاندنی فریاگوزاریی زیاتر کراوە
لەبارەی ڕاهینانی هێزی مرۆییی فریاکەوتنەوە د. هێمن میرانی گوتی: ٨ تیمی ڕزگاركردن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خولەکانیان تەواو كرد و پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرگریی شارستانی كران؛ ئێمە پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی كۆچ و كۆچبەران، یان لە ناوەندەكانی هەماهەنگیی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان (جەی سی سی)، 6 تیممان هەبوون کە لەلایەن حكوومەتی ئەڵمانیا ڕاهێنانیان پێ كرابوو، تیمەكانی بەرگریی شارستانی هەندێكیان لە ژاپۆن خولیان بینیوە و هەندێكیان لە زانكۆی كۆڤێنتریی بەریتانیا دەرچوون؛ ئەمانە هەمووی وردە وردە تواناكانی خۆیان لەگەڵ كارمەندانی تردا بەش دەکەن و خولی جۆراوجۆری ڕاهێنان لە پێناوی بەرزکردنەوەی تواناکان بەڕێوەدەبەن. بینیمان تیمەكانی ئێمە لە توركیا بەهۆی ئەو توانا و لێهاتووییەی هەیانبوو، ڕۆڵی باشیان لە فریاکەوتن گێڕا، هەڵبەت ئەمە دیسان لە چوارچێوەی ئەو بەرنامانەیە، كە لەپێناوی ئامادەكاریی تیمەكانمانە بۆ ئەوەی بۆ پاراستنی ژیانی خەڵك و ڕزگاركردنیان لەهەر ڕووداوێكی سرووشتی یان هەر ڕووداوێكی نائاسایی.

دوو دامەزراوە پلانی فریاگوزاری دادەنێن
د. هێمن میرانی دەشڵێت: بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمساڵ دوو دامەزراوە جێی بایەخی سەرەکیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆ دەبن، ئەوانیش دامەزراوەی بەرگریی شارستانییە لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكان (جەی سی سی)، ئەم دوو دامەزراوەیە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران، لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە، بۆ ئەوەی بایەخی تایبەتیان پێ بدرێت؛ (جەی سی سی) بڕیار دراوە هەموو پێداویستی و كەلوپەلەكانی بۆ دابین بكرێت و بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانییش بڕیار دراوە بكرێتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی. لەو كاتەشدا لەڕووی كارگێڕی و پەیکەرەوە گۆڕانی بەسەردا دێت و ئێستا بایەخی گەورە لەڕووی دابینكردنی كەلوپەل و ڕاهێنانی تیمەكان دەستی پێكردووە.

ئامێر و ئۆتۆمبێل بۆ بارودۆخی جیاواز دابین کراون
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لەمبارەیەوە گوتی: کابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌ ئه‌مساڵ و ساڵی ڕابردووش به‌شێك له‌ ئۆتۆمبێله‌كانی به‌رگریی شارستانی دابین كرد، كه‌ به‌شی یه‌كه‌می ٥٤ ئۆتۆمبێلی توێتای پیکاپی قەبارە بچووک بوون؛‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان و بۆ ناو شاریش، به‌تایبه‌ت ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ كۆنانه‌ی كۆڵانه‌كانیان به‌رته‌سكه دابین کران‌، چونكه‌ ئۆتۆمبێله‌ گه‌وره‌كان نه‌یانده‌توانی بچنه‌ شوێنی ڕووداوه‌كان؛‌ به‌ڵام ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ بچووكانه‌ ئه‌و گرفته‌شیان چاره‌ كرد. به‌شی دووه‌می ئۆتۆمبێله‌كان كه‌ پێكهاتبوون له‌ ٢٠ ئۆتۆمبێل، ٨ دانه‌یان ئۆتۆمبێلی ڕزگاركردن بوون، كه‌ یه‌كه‌م جاره‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌ دابین بكرێن، ئۆتۆمبێله‌كانی ڕزگاركردن جیاوازن و بۆ هه‌ر كاره‌ساتێكی سرووشتی یا مه‌ترسی و قه‌یران به‌كاردێن.

فریاگوزارییەکان بۆ هەموو ڕووداوێک ئامادەن
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، دەشڵێت: له‌ كاتێكدا كه‌ كاره‌ساتێك ڕووده‌دات ژماره‌ ١١٥ی لێ ئاگادار ده‌كرێته‌وه،‌ یه‌كه‌م تیم كه‌ ده‌رده‌چێت بۆ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ ئۆتۆمبێله‌كانی ڕزگاركردنن، ئۆتۆمبێلی كرێن به‌شی پشته‌وه‌ی‌ بۆ ڕووداوه‌كانی پێكدادان و ڕووداوی هاتوچۆ وەکوو کرێن به‌كاردێت یان له‌كاتی هه‌ر ڕووداوێكی دیكه‌ ده‌توانرێت سوود له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ وه‌ربگیرێت و كه‌لوپه‌لی پێ به‌رز بكرێته‌وه‌. ئۆتۆمبێله‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌ ١٢ دانه‌ن، كه‌ شه‌ش دانه‌یان نۆرماڵن و‌ شه‌ش دانه‌یان ئۆتۆمبێلی ده‌بڵ ئه‌كسل بوون كه‌ بۆ ناوچه‌ شاخاوی و سه‌خته‌كان سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت؛ ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ نوێیانه‌ ٥٠٠٠ لیتر ئاویان تێدایه‌ له‌گه‌ڵ ٥٠٠ لیتر کەفی ئاگرکوژێنەوە، بۆ هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ی تایبه‌تن به‌ سوتانی وزە و نه‌وت. ئه‌م كه‌لوپه‌لانه‌ی بۆمان دابین كراوه‌ جه‌خت له‌ به‌شی ڕزگاركردن كراوه‌ته‌وه‌ وه‌ك كه‌لوپه‌لی كه‌سی و پێداویستییه‌كانییان و ئامێر و مقه‌س و بڕین و ئامێری ڕزگاركردن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی لەبەرچاو گرتووە و بە بەشێک لە کارە بنەڕەتی و پێشینەییەکانی خۆی دەزانێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام دەیەوێت تیم و دامەزراوە فریاگوزارییەکان بەهێز بکات.