ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی بڵاویكردۆتەوە كە لە ئەنجامی ھاتنی بارستە ھەوایەكی زۆر شێداری دەریای ناوەراست و باشوری ناوچەكە لە كاتەكانی نیوەرۆی سبەی چوارشەمە 8-3-2023 بارانبارینی تاو و تاو ھەورە بروسكە لەناوچە جیاجیاكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە دەستپێدەكاتەوە كە لەكاتەكانی سبەی شەودا تا بەرەبەیانی پێنجشەمە 9-3-2023 لەم مەودایەدا كاریگەری بەھێزی ئەم ناسەقامگیرییە دەستپێدەكات و ئەگەری بارانی زۆر بەخوڕ و بەردەوام لەم ناوچانەدا ئەبێت لەگەڵ چالاكبوونی ھەورە بروسكەی بەھێز و بارینی تەرزە بۆیە ھۆشداری لەدروستبوونی لافاو ئەدەین لەسەرجەم ناوچە نزمەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە ،
هەروەها دەڵێت: كاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەكانی سنوری پارێزگای دھۆك و ھەولێر لاواز دەبێت زیاتر ئەگەری نمە باران بۆ بارانێكی كەم ئەبێت لەناوچەكانی سنوری ئیدارەی راپەرین و پارێزگای كەركوك و سنوری نێوان پارێزگای ھەولێر و كەركوك لەم ناوچانەشدا ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و ھەورە بروسكە ئەبێت بەڵام بەگشتی رێژەكەی كەمترەبێت .
دەشڵێت: بۆ رۆژی پێنجشەمە 9-3-2023 ھەورە بروسكە و تاوە بارانی پچڕ پچڕ تا كاتەكانی ئێوارە لەناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی ، ھەڵەبجە ، ئیدارەی گەرمیان بەردەوامی ئەبێت و لەشەودا كۆتایی پێدێت، بەڵام وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێكرد ،بەھێزی ئەم حاڵەتە سبەی شەوە لەم ناوچانەدا كە ئەگەر ھەیە بە جیاوازی ناوچەكان 40 تا 80 ملیممەتر زیاتر باران ببارێت .