چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

چیك گرنگی بە كەرتی گەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەدات

كونسوڵی كۆماری چیك رایگەیاند: ئاسایش و ئارامی شارەكانی هەرێمی كوردستان بەهێزترە لە چاو شارەكانی چیك و ئەڵمانیا و دەمانەوێ بە ئەوروپیەكان بڵێین كوردستان نموونەی ناوچەیەكی سەلامەتی گەشتیارییه.

ئەمڕۆ دووشەممە، كونسوڵی گشتی كۆماری چیك لە هەرێمی كوردستان كاریل كۆرتانیك سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرد و لە لایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب پێشوازی لێكرا.

لە لێدوانێكدا بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری كونسوڵی كۆماری چیك ئامانجی سەردانەكەی بۆ ئیدارەی سۆران ئاشكراكرد و رایگەیاند: ” هێنانی گروپێكی میوزیكی بۆ هەرێمی كوردستان بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند كۆنسێرتێكی هونەری لە شارەكانی كوردستان بە ئامانجی ئاشناكردنی هاوڵاتیی چیك و جیهانی دەرەوە بە كولتووری جوانی و سەرەنجڕاكێشی ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هاوكات هەماهەنگیكردن لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە مەبەستی گرنگیدان بە كەرتی گەشتوگوزار ئامانجی سەرەكیی سەردانەكەیان بووە”.

راشیگەیاند: ئاسایش و ئارامی هەولێری پایتەخت لەبارتر و باشترە لە چاو شارەكانی چیك و ئەڵمانیا، بۆیە دەمانەوێ بە ئەوروپیەكان بڵێین كوردستان نموونەی ناوچەیەكی سەلامەتە لە دیپلۆماسیەتی گەشتیاریدا.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بە میدیاكارانی گوت: ” گرنگیدان بە بواری گەشتیاری یەكێك لە بەرنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆیە هەوڵەكانی بۆ رێكخستنی ئەم جۆرە پەیوەندیی و دیدارانە ئەنجامی ئەرێنییان دەبێت، بڕیاریشوایە لە مانگی 10ی ئەمساڵ كۆنسێرتێكی میوزیكی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام بدەین و لەم نزیكانەش 10 بەڕێوبەری گشتی گەشتوگوزار كە یەكێكیان بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆرانە سەردانی چیك دەكەن بۆ بەشداریكردن لە پیشانگایەكی نێودەوڵەتی لە بواری گەشتوگوزار”.

هەروەها، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند: هەوڵ دەدەن بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی كارئاسانی بۆ میكانزمی هاتوچۆی گەشتیاری هاوڵاتیانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ ناوچە گەشتیارییەكانی چیك و بە پێچەوانەوە بكرێت.

جاری دووەمە كونسوڵی كۆماری چیك سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكات.