پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

٣٢ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستاندا تێ دەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

٣٢ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دا تێدەپەڕێت، ڕاپەڕین وەرچەرخانێکی زۆر گەورە بوو لە مێژوویی گەلی کورددا، ڕاپەڕین پەیامێک بوو بۆ دوژمنانی کوردستان کە کورد چی دیکە ژێر دەستی و زۆرداری قبووڵ ناکات. بەگوتەی بەشداربووان و بەرپرسان، ڕاپەڕین وانەی زۆری تێدا بوو، بەتایبەت نھێنیی سەرکەوتنی ڕاپەڕین، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ھێزەکانی کوردستان، کە خۆیان لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانییدا دەبینییەوە.

مانگی ئادار، بۆ کورد پڕە لە ڕووداوی جۆراوجۆر، بەڵام ڕۆژی ٥ی ئادار تاوەکو ڕۆژی نەورۆز واتە ٢١ی ئادار، بۆ دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆی ھەیە، چونکە لەو ڕۆژانەدا لە ساڵی ١٩٩١ خەڵک دژی ڕژێمێک ڕاپەڕین کە ماوەی چەندین ساڵ دەسەڵاتێکی تووند و نامرۆڤانەی بەرامبەریان بەکارھێنا.

ڕاپەڕین
ئەگەرچی ڕاپەڕین لە ٥ی ئاداری ١٩٩١ لە ڕانیەوە، کە ناسراوە بە دەروازەی ڕاپەڕین دەستی پێ کرد، بەڵام لە ٣ی ئاداری ١٩٩١ بۆ یەکەمجار وەکو دەستپێکی ڕاپەڕین لە خەبات و کەڵەکی ھەولێر، شەڕ لە نێوان پشدەرییەکان و بنکەی پۆلیس ڕووی دا، ٥ی ئاداری ١٩٩١ ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە شاری ڕانیە کاتژمێر ٩ی سەر لە بەیانی دەستی پێ کرد، لە ھەموو لایەک ڕژانە سەر شەقامەکان و لە ڕادیۆ و بڵندگۆی مزگەوتەکان خەڵکیان ھان دا بۆ ڕاپەڕین.
بەگوتەی بەشداربووانی ڕاپەڕین، خەڵک تینووی ئازادی و چەوساوەی دەستی ڕژێمی داپڵۆسێنەری بەعس بوو، بە گەورە و بچووکەوە، تەنانەت ئەوەی پێشتر چەکداری بەعس بووە، ھاوشانی خەڵکی ئاسایی بە خاکەناز و تەور و دار، ھەندێک لەو ھاووڵاتییانەشی کە چەکیان لە ماڵدا ھەبوو و شاردبوویانەوە، چەکەکانیان دەرھێنا و سەرەتا بەرەو مزگەوتی گەورەی ڕانیە ڕۆیشتن، بەڵام لە لایەن ئەمنییەکانەوە تەقە لە ھاووڵاتییان کرا، بە گوللە وەڵامی تەقەی ئەمنییەکان درایەوە، ئەوەش بووە بەشێکی تر لە زیادکردنی حەماسەتی خەڵکەکە و بووە چەپڵەڕێزان، بە ژن و پیاو و گەورە و بچووکەوە، کە ھەزاران کەس ئامادە بوون، چوونە ناو مزگەوتەکەوە و سوودیان لە بڵندگۆی مزگەوتەکان وەرگرتن و بانگەوازی ڕاپەڕینیان ھاوشانی ئێزگەی پارتی بە گوێی خەڵکدا.
دواتر جەماوەر ھەڵیان کوتایە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت، بۆ کاتژمێر ٣ی ئێوارە ڕانیە لە ڕژێم پاککرایەوە، ھەمان ڕۆژ چوارقوڕنە، حاجیاوا، دەشتی بتوێن و سەربازگەی سەرکەپکان ئازاد کران، جگە لە سەربازگەی فیرقەی ٤٤ی چوارقوڕنە ٥٠ کەس لە ڕژێم کوژران و ١٠٠ کەسیش لە ھاووڵاتییان شەھید بوون، ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ڕژێم کەوتنە دەست خەڵک و پێشمەرگە، بۆیە ئەم ڕۆژە لە مێژووی کورددا بە ڕۆژی ڕاپەڕین و ڕانیەش بە دەروازەی ڕاپەڕین ناسرا.
بەشداربووانی ڕاپەڕین، دەڵێن: خەڵک لە بڵندگۆی مزگەوتی گەورەی ڕانیە زانیان سەرۆک بارزانی ھاتۆتە ناو شارەکە، ئەوەش بووە چەپڵەڕێزان و دڵخۆشیی خەڵک و متمانەیەکی زۆری ڕاپەڕیوانی دەستی زوڵم و زۆری بەعس، کە سەرکردەیەکی وەک سەرۆک بارزانی ھاتووەتە شارەکە، جۆرێک لە پشت ئەستووری دروست بوو، ھەر لە ڕانیە سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەشی دانیشتوانی شارۆچکەکە کرد و گوتی: ڕاپەڕین و قوربانی و فیداکاری خەڵکی ڕانیە، بارتەقای ٣٠ ساڵ خەباتی شۆڕشی کوردە، ئەو وتەیەش تا ئێستە لە زیھنی ڕانییەیەکاندا ماوەتەوە.
سەرۆک بارزانی ئەندازیار و سەرکردەی ڕاپەڕین بوو
‌سەرۆک بارزانی کە لە ساڵی ١٩٨٨دا پێشبینی گۆڕانکاری گەورەی کردبوو، لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی سیاسی بەرەی کوردستانی، ھاوشانی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی کوردستان بەشداری ڕزگارکردنی سەرجەم شار و شارۆچکە و ناوچەکانی کوردستانی کرد، لە داستانی کۆڕێشدا سەرپەرشتی میحوەری شەڕەکەی کرد کە لە ئەنجامدا ڕژێم ناچاربوو داوای گفتوگۆ لەگەڵ بەرەی کوردستانی بکات.
ھیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ١١ی ڕاپەڕین، گوتی: ڕاپەڕین بەرھەمی خوێنی شەھیدان و خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بووە و سەرۆک بارزانی ئەندازیار و سەرکردەی ڕاپەڕین بووە، ئەو کات ئێمە لە لیژنەی ناوچەی قەڵادزێ بووین، بارەگامان لەسەر سنوور بوو، چەند مانگێگ پێش ڕاپەڕین مەفرەزەیەکمان ناردەوە بۆ ڕانیە و حاجیاوا، دواتر یەکەم مەفرەزە کە چووە ناو ڕانیە ئێمە بووین، ئەو کات ٣٧ کەس بووین، دواتر سەرۆک بارزانی ھاتە نێو ڕانیە، لە ڕانیە تا کەرکووک ڕابەرایەتیی مەیدانی ڕاپەڕینی کردووە، بۆیە ڕاپەڕین ھەم بیرۆکەی ئەو بوو، ھەمیش یەکەم کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان لە ڕاژان کراو لەوێ بەرنامە دانرا. بەرنامەیەکی نووسراو بۆ ھەموو شارەکان نێردرا، سەرۆک بارزانی بە سەدان نامەی نووسی بۆ ناو شارەکان کە ئامادەسازی بکرێت بۆ ڕاپەڕین خۆشی مەیدانی ڕابەرایەتی ڕاپەڕینی دەکرد، تا خەڵکی کوردستان لە ھەموو شارەکان دژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین و کوردستان بە تەواوەتی لە ڕژێمی بەعس پاککرایەوە، ڕاپەڕین وانەی زۆری تێدا بوو، بەتایبەت نھێنی سەرکەوتنی ڕاپەڕین، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ھێزەکانی کوردستان، کە خۆی لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانییدا دەبینیەوە، دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین، دامەزراندنی حکوومەت و سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان بوو.

ساڵێک دوای ڕاپەڕین ھەڵبژاردن کرا
١٤ی ئادار سەرۆک بارزانی وتارە مێژووییەکەی لە کۆیە خوێندەوە، مژدەی ھەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستانی بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دا و ڕایگەیاند، خەڵک خۆیان بڕیاری خۆیان لە بەڕێوەبردنی ھەرێم دەبێت. ساڵێک دوای ڕاپەڕین سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەستیکرد بە تاقیکردنەوەی ڕێگەی دیموکراسی بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لە ١٩/٥/١٩٩٢، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، سەرەڕای ناکۆکی و ھاتنە پێشەوەی بارودۆخی نەخوازراوی ناوخۆ، بەڵام بە دەستکەوتێکی گرنگی کورد لە ھەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت، چونکە لە مێژوودا بۆ یەکەمجار بوو کە کورد خاوەن پەرلەمان و حکوومەتی خۆی بێت. لە ماوەی چەند ساڵی خۆبەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان، وەک ھەرێم جگە لە ئەنجامدانی پڕۆژە لە سەرجەم بوارەکان، سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان توانیویەتی لە ڕووی دیپلۆماسی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهات فراوانتر بکات و مافەکانی کورد بە ناوەندە سیاسییەکانی جیهات بگەیەنێت.
ڕاپەڕین پەیامێک بوو بۆ دوژمنانی کوردستان کە کورد چی دیکە ژێر دەستی و زۆرداری قبووڵ ناکات
بەرپرسی لقی ١١ی راپەڕین، دەڵێت: ڕاپەڕین بەرەنجامی زوڵم و زۆریی دەیان ساڵەی ڕژێمە یەک لە دواییەکەکانی حکوومەتی عێراق بوو، ڕاپەڕین وەچەرخانێکی گرنگ و مێژوویی بوو لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی ئێمەدا و بەرەنجامی خەباتی دەیان ساڵەی میللەتەکەمان بوو، ھەر لە ڕاگواستنی گوندەکان و ئەنفال و کیمیاباران و ھەموو ئەو زوڵمەی کە لە گەلی کوردستان کرا.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی سیاسی، ڕایگەیاند، ڕاپەڕین پڕۆسەیەکی زۆر گەورە بوو لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان ھاتە کایەوە، ڕاپەڕین بە چاودێریی سەرۆک بارزانی بوو، ڕاپەڕین بەرھەمی یەکگرتوویی کوردستان و بەرەی کوردستانی بوو. خەڵکی کوردستان بە ھەموو چین و توێژەکان ڕاپەڕین، ڕاپەڕین قۆناغێکی گرنگی خەباتی نەتەوەیی کورد بوو، کە ھەموو خەڵکی کوردستان بە پیر و پەککەوتە و منداڵ و ئافرەت بەشداریان تێدا کرد.

دوایی ٣٢ ساڵ کورد ھێشتا بە مافە دەستوورییەکانی نەگەیشتووە
دوایی ٣٢ ساڵ لە ڕاپەڕینی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، ھێشتا کورد لەبەردەم مەترسی لە دەستدانی مافە دەستووریی و نەتەوەییەکاندایە، کابینە یەک لەدوا یەکەکانی عێراقی نوێ سزای سیاسیی و ئابووری بەسەر خەڵکی کوردستان دا دەسەپێنن، پاش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کورد نزیکەی ٥١% خاکی کوردستانی لەدەستدا. چاودێرانی سیاسییش، دەڵێن، ھێشتا عەقڵیەتی حوکمڕانی لە بەغدا گۆڕانی بەسەردا نەھاتووە، دەبێت کورد یەکڕیز بێت، چونکە ئەگەر یەکڕیز بێت و گوتارێکی سیاسی ھەبێت، دەتوانێت زۆر شت بە دەست بھێنێت و دەستکەوتەکان بپارێزێت و لە داھاتووشدا دەستکەوتی زیاتر بە دەست بھێنێت، بەڵام ئەگەر یەکڕیز نەبێت ئەوەی بە دەستی ھێناوە، ئەوەش لە دەست دەدات.