پلە‌بە‌رزكردنە‌وە‌ی سێ ساڵی وە‌زارە‌تی پێشمە‌رگە‌ تە‌واو دە‌كرێت

خشتەی سێ ساڵی پلەبەرزكردەنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە تەواو دەكرێت، كە بەهۆیەوە هەندێكیان 200 هەزار دینار لە مووچەكانیان زیاد دەبێت، سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگەش وردەكارییەكەی ئاشكرا دەكات.

فەریق ڕوكن عیسا عوزێر، سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، راگەیاند: “لیستی خشتەی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ حكوومەت نێردراوە، بەم نزیكانە دەگەڕێتەوە و فەرمانی بۆ دەردەچێت.”

لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی ئەفەسەرانی یەكەكانی 70 و 80ی وەزارەتی پێشمەرگە، عیسا عوزێر گوتی: “پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی یەكەكانی 70و 80ی پێشمەرگە لەژێر لێكۆڵینەوە و وردبینی دایە و دواتر تەواو دەكرێت.”

ئەو لیستانەی پلەبەرزكردنەوە ناوی زیاتر لە هەزار ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگەی تێدایە و خشتەی پلەرزكردنەوەی نەورۆز و ئەیلوولی ساڵانی 2020 و 20121 و 2022 و چاوەڕێ دەكرێت لەو مانگەدا بگاتەوە وەزارەتی پێشمەرگە.

بەپێی زانیارییەكان، دوای پلە بەرزكردنەوەیان، مووچەی ئەو كەسانە لەنێوان 48 هەزار بۆ 200 هەزار دینار زیاد دەبێت.

سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت:”بەرنامەی چاكسازیی خانەنشینی و پلەبەرزكردنەوەی پێكەوە بەستبوو، دوای چەندین دانیشتن لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و لەگەڵ خودی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەرەنجام ئەم دوو بابەتە پێكەوە نەبەسترانەوە و بەپێی یاسا، خشتەی ساڵانی 2018 و 2019مان پێكەوە هێنایەوە و خانەنشینیشمان بەڕێ كرد و كێشەی بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەرەكانمان چارەسەر كرد.”

عیسا عوزێر زیاتر گوتیشی: “لە ساڵی 2023دا كێشەی تەرقییە و پلەبەرزكرنەوە لەناو لەشكری كوردستاندا نامێنێت.”