مەحما خەلیل: چەندین پڕۆژە بۆ شنگال جێبەجێ دەکرێن

پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، دوای هەوڵێکی زۆری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بڕیارە چەندین پڕۆژە بۆ شنگال جێبەجێ بکرێن، لەوانەش قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال و ھەلی کار بۆ ھاووڵاتییان.

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “بەردەوام لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە هەوڵدا بووینە وەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شنگال، لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە چەندین پڕۆژە بۆ دەڤەری شنگال جێبەجێ بکرێن و ڕەوشی شنگال ئاسایی بکرێتەوە.”

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: “چەکی قەرەبوو بەسەر چوار ھەزار زیانلێکەوتووی شنگالدا دابەش دەکرێت و پێنج ھەزار ھەلی کاریش بۆ ھاووڵاتیانی ناوچەکە دەڕەخسێندرێت لەگەڵ چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری.”

مەحما خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “ھەموو هەوڵێک دەدەین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارە بۆ شوێنەکانیان، بەڵام ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال گرینگە بۆ گەڕانەوەی خەڵک ڕەوشی شنگال لەو ماوەیە پێشڤەچوونی زۆری بە خۆیەوە بینیوە و چەندین دەستکەوتمان ھەبووە بۆ خەڵکی دەڤەری شنگال.”