سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات کە بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئابووریی وەبەرهێنانی ئەڵمانیا زۆر گرنگ بوو و دەستکەوتی زۆر باشیشی بۆ هەرێمی کوردستان هەبوو، کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێکی ژوورەکانی بازرگانیی ئەڵمانیا بێنە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”ئێمە، شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداریمان کرد لە کۆنفرانسی ئابووریی وەبەرهێنان لە ئەڵمانیا، کە کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستانی-ئەڵمانی ڕێکی خستبوو و یەکێتیی وەبەرهێنەران و ژوورەکانی بازرگانی و یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران و ژمارەیەک وەبەرهێنەر لە هەموو سێکتەرەکانی وەبەرهێنان و بازرگانی بەشدار بوون و دیداری زۆر باشی تێدا ئەنجام درا، بەتایبەت بابەتی وزەی پاک زۆری باس لێوە کرا کە تەوەری سەرەکی بوو و بۆ هەرێمی کوردستانیش ئەو بابەتە گرنگ بوو.”
دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: ”سەردانی ژووری بازرگانیی ئەڵمانیا کرا و ڕێککەوتن کرا ژووری بازرگانئی ئەڵمانیا نووسینگەیان لە هەرێم زیاتر کارا بکرێت و ئیدارەی سەرەکیی ژووری بازرگانیی ئەڵمانیا ئەمساڵ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و داوامان کرد هەماهەنگییان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر بێت و سەردانی پەرلەمانی ئەڵمانیا و هەندێک پەرلەمانتارمان کرد و باسی بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی کرا و ئێمەش دەستخۆشیمان لێ کردن و کۆمەڵێک بابەتی باش دەبێت و کۆنتاکتمان لەگەڵیان دروست کردووە و ئاڵوگۆڕی زانیاریمان کردووە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانی و هەندێک دەرفەتی وەبەرهێنانیان بۆ ڕەوانە دەکەین.”
شوکری باسی لەوەش کرد: ”داواشمان لێ کردن بۆ بەرهەمی کوردستانی بێن لە کوردستان کارگە دامەزرێنن وەکوو پاکێجینگ بۆ ئاوی میوە و کارگەی دیکەش دامەزرێن، بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمانەی دروست دەکرێن ڕەوانەی دەرەوە بکرێن، بۆیە بەردەوام چاودێری دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین لە قازانجی هەرێم بێت و لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێکی ئەوانیش دێتە هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ئەڵمانیا کە لە140 وڵات نوێنەرایەتییان هەیە لە عێراق و لە کوردستانیش لقیان هەیە، بەڵام داوامان کردووە کارا بکرێت و هەماهەنگیی زیاترمان هەبێت.”