سێشەممە, كانونی یه‌كه‌م 17, 2024

نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری لە ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراق دەکەن

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتی، سەردانی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق زۆر باش بوو، ھاتبوو پشتگیری خۆی بۆ حکوومەتی ئێستا و ھاوپەیمانی ئیدارەتی دەوڵەت دووپاتکردەوە و ئێمەش داوامان کرد بەشداربن لە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا کە ئێستا ژینگەیەکی باش ھەیە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن.

دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان مەبەست لە سەردانی بۆ عێراق بۆ پشتگیریکردن بوو لە حکوومەتی عێراق و ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کە حکوومەتی لەسەر پێکھێندراوە، بڕیاریشە ناوبراو سەردانی ھەرێمی کوردستانیش بکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت کۆببێتەوە”.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونیشیکردەوە: “لە کۆبوونەوەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێمەش بەشداربووین و باس لە کێشە و گرفتەکان کرا و پشتگیریەکانیشی بۆ سیادە و یەک پارچەیی عێراق و فیدراڵیەت بوو، ھەروەھا ئەو کێشانەی ئێستا ھەن و ئەو تەحدیاتانەی دێنە پێشەوە لەڕووی ژینگە و ئاو، بۆیە جەختیکردەوە لەو قۆناغە پشتگیری عێراق و ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بکەن”.

دکتۆرە ڤیان سەبری ئاماژە بەوەش دەکات: “لە کۆبوونەوە لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان من خۆم داوام کرد لەبارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی ھەرێم و بەغدا ئەوانیش بەشداربن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی باشتر، کە ئێستا ژینگەیەکی ئیجابی ھەیە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن”.