به گوێرهی راگهیهندراوی پارێزگای ههولێر، لە چوارچێوەى کارەکانى یەکەمین کۆڕبەندی ئەڵمانیا – کوردستان، شاندی حكومهتی ههرێمی كوردستان لەگەڵ ژوورى بازرگانى ئەڵمانیا کۆبوونەوە.
ئهمڕۆ (ههینی 3ـی ئادار/ مارسی 2023)، پارێزگای ههولێر راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه، شاندی حكومهتی ههرێمی كوردستان پێكهاتوون له کەمال موسلیم وەزیرى بازرگانى، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، د.محەممەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێـنان، جێگرى پارێزگارى دهۆک و ژمارەیهك لە خاوەنکار و یەکێتی وەبەرھێنەران و ژوورە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان له بهرلینن، بۆ بهشداریكردن له یەکەمین کۆڕبەندی ئەڵمانیا – کوردستان كه دوێنێ و ئهمڕۆ بهڕێوهچوو.
پارێزگای ههولێر له راگهیهندراوهكهیدا ئاماژهی بهوهشكردووه، شاندی ههرێمی كوردستان لهگهڵ ژوورى بازرگانى ئەڵمانیا کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، لە ژێر راسپاردەکانى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و یاسا بەرکارەکانی وەبەرھێنان و لە پێناو سوودوەرگرتن لە پێکەوە کارکرنى وەبەرهێنان لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشت و گوزار و ئاوەدانکردنەوە، گفتوگۆ لەنێوان هەرێمى کوردستان و ئەڵمانیا کرا.
لە تەوەرێکى دیكهی کۆبوونەوەکەدا، تیشکخرایە سەر بەهێزکردنی زیاتر پەیوەندى نێوان کۆمپانیا، وەبەرهێنەر، کارساز و بازرگانەکانی هەردوولا، لەوبارەیەشەوە شاندى هەرێمى کوردستان تەئکیدیان لە پێشکەشکردنى ھەموو ئاسانکارییەک بـۆ وەبەرھێنەرانی ئەڵمانیا كردهوه، کە بیانەوێت کاری وەبەرھـێنان لە هەرێمى کوردستان ئەنجامبدەن.
کۆڕبەندی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەڵمانیا- کوردستان کە پڕۆژەی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمانیایە، بە هاوبەشی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا سازکرا، مەبەست لێی بە هێزترکردنی پەیوەندییەکانى نێوان کۆمپانیا و وەبەرهێنەر و کارساز و بازرگانەکانی هەردوولایە.
پارێزگای ههولێر ئاماژهی بهوه كرد، وا بڕیارە ئەم پڕۆژەیە ببێتە نەریتێکی ساڵانە لە نێوان بەرلین و هەولێر و پاش کۆڕبەندی یەکەمینی بەرلین، کوڕبەندی یەکەمینی هەولێریش هەر ئەم ساڵ سازبکرێت.