رۆژی سێشەممە ٢٨/٢/٢٠٢٣ نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە هاوبەشی لەگەڵ گروپی کۆمپانیاکانی هێمن مەراسیمێک سازکرا سەبارەت بە بەشداری کردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کەرتی تایبەت لەگەڵ حکومەت بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی پلانی هەرێمی بەتایبەتی لە بواری گەشەپێدان و رەخساندنی هەلی کار و نەهێشتنی جیاکاری لە نێوان پێکهاتەکان و تێیدا ژمارەیەک وەزیر، پاريزگار، ئەندامانی پەرلەمان، کونسوڵی وڵاتان و نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کەسایەتییە ئایینییەکان و نوێنەرانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان ئامادە بوون.
لە مەراسیمەکەدا د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم بە نوێنەرایەتی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی ئەرکی هاوبەشی حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کەرتی تایبەتە بۆ ئەوەی رۆڵێکی کاریگەریان لەو بوارەدا هەبێت.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ستایشی کۆمپانیای هێمن گروپی کرد بۆ هەوڵەکانیان لە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکان بەبێ جیاوازی، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکگرتن و گشتگیری کە دواجار ئامانجیان بەرەوپێشبردنی هەنگاوەکانی نەهێشتنی جیاکاری و بەرەو پێشبردنی گیانی لێبووردەیی و پێکەوە ژیانە.
زیاتر وتی: حکومەتی هەرێم هەوڵدەدات ژینگەیەکی لەبار فەراهەم بکات بۆ قبوڵکردن و لێکتێگەیشتن لە نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، بۆ پتەوکردنی لێبوردەیی، یەکسانی، کەلتوری لێکتێگەیشتن، ڕێزگرتن ویەکتر قبوڵ کردن لەنێو هاووڵاتیانی هەرێم بەبێ گوێدانە ڕەگەز، تەمەن، ڕەگەز یان پێگەی کۆمەڵایەتی.
لە کۆتایی وتارەکەیدا رێکخەری راسپادە نێودەوڵەتییەکان وتی: چڕکردنەوەی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان کەرتی گشتی و تایبەت یەکێک بوو لە بابەتە سەرەکییەکانی کارنامەی کابینەی حکومەت و جەنابی سەرۆکی حکومەت لە راگەیاندنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم جەختی لەسەر گرنگی بەشدارییەکی لەو شێوەیەی کردەوە، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسە خێراکردنی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ، هەروەها هۆکارێک دەبێت بۆ ئەوەی دەرفەتی یەکسان و سوود وەرگرتنی خێرا لە سەرچاوە مرۆییەکان بەهێزتر بێت لە گشت بوارەکاندا.
لەلایەن خۆیەوە وەلید خالید خۆشناو بە نوێنەرایەتی گروپی کۆمپانیاکانی هێمن وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: ئێمە لە هێمن گروپ مەبەستمانە لەم دیدارەدا تیشک بخەینە سەر کاری هاوبەشی نێوان کەرتی تایبەت و حکومەت، چونکە تەنیا لە بەرەو پێشبردنی ئابووری و بونیادنانی ژێرخاندا تەواوکەری یەکتر نین، بەڵکو لە بابەتەکانی تایبەت بە توانا مرۆییەکان و نەهێشتنی جیاکاری و پتەوکردنی گیانی پێکەوەژیان لە نێوان رۆڵەکانی ئەم وڵاتەشدا هاوکار و تەواوکەری یەکترن.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وتی: ئێمە لە هێمن گروپ دوور لە هەر جۆرە جیاکارییەک هەلی کارمان بە یەکسانی بۆ زیاتر لە (3000) کرێکاری هەرێمی کوردستان رەخساندووە لە ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان وەک موسڵمان، مەسیحی، ئێزیدییەکان، بەهائی، کلدان، کاکەیی، سابیئەی مەندائی و تورکمان، شەبەک و زەردەشتی. خەڵاتی بازرگانى نێودەوڵەتى بۆ ئاشتی نێوان ئایینەکانی ساڵی ٢٠٢١، دەستکەوتێک نییە کە پێشکەش بە هێمن گروپ کرابێت، بەڵکو خەڵاتی رێزلێنانە بۆ پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی هەرێم کە سەدان ساڵە لە وڵاتەکەماندا رەنگی داوەتەوە و بۆتە نموونەیەک جوان لەسەر ئاستی ناوچەکە و تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش.
فلۆریان ڕازسبێرگەر نوێنەری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای پیرۆزبایی کردن لە بەڕێز خالید خۆشناو کرد بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە و ستایشی هەوڵەکانی بۆ پێشخستنی ئازادی ئایینی و سیاسەتی جیاکاری نەکردن لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەمان کاتدا جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە کە شان بە شانی حکومەت هەوڵ بدەن بۆ جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ.
لەلای خۆیەوە خاتوو یۆکۆ فوجیمورا بەرپرسی ئۆفیسی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (IOM) لە هەولێر، هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی بەرز نرخاند بۆ پابەندبوون بە راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و پابەندبوونی (IOM) ی بۆ پشتیوانی کردن و هەماهەنگی کردن لەگەڵ نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی دووپاتکردەو.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا خەڵاتی بازرگانى نێودەوڵەتى بۆ ئاشتی نێوان ئایینەکانی ساڵی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن خاتوو یۆکۆ فوجیمورا پێشکەش بە بەڕێز خالد خۆشناو سەرۆک و دامەزرێنەری گروپی کۆمپانیاکانی خۆشناو کرا وەک رێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانی لە رەخساندنی هەلی کار بۆ گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی.