سەربەست لەزگین: بەردەوامین لە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەمانەوێت کۆدەنگی هەبێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن

سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی رایدەگەیەنێت، وەکو پارتی بەردەوامن لە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان بۆ ئەوەی کۆدەنگی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن دروست بێت، جەختیش دەکاتەوە: دەبێ ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند: “ئێمە وەکو پارتی هەموو کات دەستپێشخەر بووینە بە ئاشتی و تەبایی لەگەڵ هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان پێکەوەبین، چونکە هەموومان پێکەوە بەهێزین، کوردستان بە یەکگرتووی بەهێزە لە بەرامبەر نەیار و دوژمنان، ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەو سیاسەتە”.

گوتیشی: “ئەمساڵ ساڵێکی هەستیارە بۆ هەرێمی کوردستان، پێویستە لەمساڵدا هەڵبژاردن بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی کۆدەنگی دروست ببێت لەسەر ئەو بەربەستانەی کە هەن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن، چونکە بۆ ئێمە هەڵبژاردن پرسێکی زۆر جدییە، داوا دەکەین زەمینەسازی بکرێت، بۆ ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدەین”.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی کۆبوونەوەی دەزگاکانی پارتی و یەکێتی لە 28/2/2023، سەربەست لەزگین، گوتی: “کۆبوونەوەیەکی باش بوو، خاڵی هاوبەشمان زۆرە، هەندێک خاڵ هەن گفتوگۆ لەسەریان بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی بابەتی پێکهتاتەکان، بەڵام پێویست ناکات ئێمە هیچ لایەنێکمان لەجیاتی پێکهاتەکان بڕیار بدەین یان شتیان لەسەر بسەپێنین، پێویستە خۆیان بڕیار لەسەر شێوازی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بدەن، ئەو بابەتە تایبەتە بە خۆیان، ئومێد دەکەین کۆبوونەوەی تریش هەبێت، بۆ ئەوەی زیاتر زاڵ بین بەسەر ئاستەنگەکان، چونکە ئێمە بڕیارمان داوە، دەبێ ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، داواش دەکەین هەموو لایەنەکان بەشداربن و پرۆسەیەکی سەرکەوتوو ئەنجامبدرێت کە وێنەیەکی باش پیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدەین”.