دوێنێ سێشەممە، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی پێکهاتەکانی کرد و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا.
مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، ئامانجی سەردانەکەی شاندی پارتی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: جەختمان لەوە کردەوە کە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت.
سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردن و پشکی پێکهاتەکان، وتەبێژی پارتی گوتی: ئێمە بڕیارمان داوەتە دەست خۆیان، پێکهاتەکان بڕیار بە دەست خۆیان بێت کە چۆن پێیان باش بێت وا بکەن. هەموو ئەو لایەنانەی گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە لەگەڵ ئەوەدان ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت.
گوتەبێژی پارتی، ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر بابەتی هەڵبژاردن بەپێی گفتوگۆی کۆبوونەوەی پێشتریان لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بۆچوونیان لە یەکتر نزیکە، دەشڵێت: ئەگەر گرفتی دیکە نەهێنرێتە پێشەوە لەو بڕوایەدام نزیکین لەوەی پڕۆژەیەک ئامادە بکرێت و بدرێت بە پەرلەمانی کوردستان و بڕیاری لەسەر بدرێت.
گوتیشی تائێستا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، پێشتر ئێمە وادەیەکمان دیاری کردبوو، یەکێتی هەڵیوەشاندەوە.