44 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ 44 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی، رابەری زیاتر لە نیو سەدەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان تێدەپەڕێت، بووەتە سەر مەشق و هەوێنی كوردایەتی و ئازادیخوازی و سەربەخۆیی گەل و خاكی كوردستان.

مەلا مستەفا بارزانی، لە قۆناغێكی مێژووی و چارەنووسسازدا، خەباتی دژی داگیركەرانی خاوەن هێز و پشتیوان هەڵبژارد، كە گەلی كورد لە سەردەمێكی پڕ لە ئازار و نەهامەتی دەژیا، كە جگە لە خوا و رەوایی دۆزەكەی و ئامادەیی رۆڵەكانی بۆ مەرگ لە پێناو ئازادی، هیچ پشت و پەنایەكی دیكەیان شك نەدەبرد، بەڵام به‌هۆی ئیرادەی بەهێز و باوەڕبەخۆبوون و رەوایی دۆزەكەی، بۆ چركەیەك بڕوای ئەو سەركردە مێژووییەی كورد لەق نه‌بوو، ئازایانە خەباتی بۆ نەتەوەكەی كرد ‌و لەو رێگەیەشەوە، میراتێكی گەورەی لە خەبات، دژی ستەم و زۆرداری بۆ رۆڵەكانی بەجێهێشت.

مەلا مستەفا بارزانی، ھەموو ژیانی خۆی بۆ وەدیھێنانی مافە نەتەوەییەكانی كورد تەرخانكرد. ئەو خودانی دید و رێبازێكی شۆڕشگێڕانە بووە. ئازایەتی و بڕوا بەخۆبوون و ئیمان بە حەق و عەدالەتخوازی و خەباتكردن لە دژی زۆرداریی و رەتكردنەوەی ژیانی بندەستی، لە خەسڵەتە دیارەكانی كەسایەتی ئەو بووە.

ئێستا کە 44 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی تێدەپەڕێت، بەڵام بەهۆی رێباز و بنەما راست و دروستەكانی خەبات و تێكۆشانی درێژخایەنی، بووەتە سەر مەشق و هەوێنی كوردایەتی و ئازادیخوازی و سەربەخۆیی گەل و خاكی كوردستان.

ژیان و وێستگەكانی خەبات و تێكۆشانی مەلا مستەفا بارزانی:

– مەلا مستەفا بارزانی پێنجەمین و دوایین كوڕی شێخ محەمەدی بارزان، لە 14/3/1903 لە گوندی بارزان لە دایكبووە.

– ساڵی 1904 شێخ محەمەدی باوكی، كۆچی دوایی دەكا و برا گەورەكەی، شێخ عەبدولسەلام ئەركی رێبەرایەتیكردنی بارزانییەكان لە ئەستۆ دەگرێت.

– تەمەنی مەلا مستەفا سێ ساڵ دەبێت كاتێك هێزەكانی سوپای عوسمانی پەلاماری ناوچەكەیان دەدەن و شێخ عەبدولسەلامی برا گەورەی، بەدیل دەگرن و مەلا مستەفا و دایكیشی، رەوانەی بەندیخانە دەكەن و ماوەی نۆ مانگ لە بەندیخانە دەمێننەوە.

– بەهۆی شێلگیری لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان و خەبات لە رێگەی سەربەخۆیی كوردستان، شێخ عەبدولسەلام بارزانی، لە ساڵی 1914 لە مووسڵ لە سێدارە دەدرێت.

ساڵی 1919 مەلا مستەفا، بە هانای جووڵانەوەی شێخ مەحموودی حەفید لە سلێمانیەوە دەچێ‌ و سەرپەرشتی هێزێكی چەكداری 300 كەسی كردووە.

– ساڵی 1920 شێح ئەحمەدی بارزان، بە نوێنەرایەتی خۆی، مەلا مستەفا رەوانەی باكووری كوردستانی دەكات بۆ ئەوەی چاوی بە شێخ سەعیدی پیران بكەوێت و هەماهەنگی لەگەڵ شۆڕشەكەی دروست بكات.

– لە نێوان ساڵانی 1931 – 1932 سەرپەرشتیی هێزێكی بارزانییەكان دەكات بۆ بەرگریكردن لە دەڤەری (مێرگەسۆر– شێروان) لە بەرامبەر هێزی دای ئینگلیزەكان، لەو شەڕەدا بە هۆی لێهاتوویی و كارزانییەوە، ناوبانگێكی زۆری بەدەست هێنا و توانیوویەتی ناوچەكە بپارێزێت.

مەلا مستەفا بارزانی، سەركردایەتی شۆڕشەكانی بارزان، لە ساڵانی 1943 و 1945 لە باشووری كوردستان كردووە.

– ساڵی 1934دا لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانی و ژمارەیەك تێكۆشەری ناوچەكە، روویان كردۆتە توركیا بۆ ئەوەی داوای مافی پەنابەریەتی بكەن، دواتر بە هۆی وتوێژەوە گەڕانەوە عێراق و لە لایەن ئینگلیزەكان و دەسەڵاتی ئەو كاتەی عێراق بۆ باشووری عێراق دوورخراونەتەوە. پاشان گەڕێندرانەوە سلێمانی و ماوەی 10 ساڵ بە دوورخراوەیی ژیانیان بەسەر بردوە.

12ی تەممووزی 1943 بە هاوكاریی كۆمەڵەی هیوا، توانی خۆی لە سلێمانی دەرباز بكات و بچێتە رۆژهەڵاتی كوردستان.

– لە هەمان ساڵدا، واتە لە 1943، لە ئێرانەوە گەڕایەوە ناوچەی بارزان و ژمارەیەك گەنج لە دەوری كۆبوونەوە، لە ماوەی دوو مانگدا، 2000 چەكداری خۆبەخش، ئامادەییان بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكانی دەربڕی و توانیان دەست بەسەر زۆرینەی بنكەكانی پۆلیسی ناوچەكەدا بگرن.

– لە پایزی 1943دا حكومەتی بەغدا شاندێكی رەوانەی بارزان كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ بارزانی نەمر وتوێژ بكات و شەڕ بوەستێت، مەلا مستەفا بارزانیش مەرجی ئەوەی خستەڕوو، كە دەبێت سەرجەم دوورخراوەكان و شێخ ئەحمەدی بارزان بگەڕێنەوە، دانوستان كۆتایی هات و حكوومەتی نووری سەعید هەموو مەرجەكانی مەلا مستەفا بارزانی جێبەجێ كرد.

– لە 1943 – 1945 شۆڕشی بارزانی لە دژی حكوومەتی عێراق، كە لە لایەن بەریتانیاوە پشتیوانی لێدەكرا، سەری هەڵدا و لەو جارەدا، شۆڕش ناوچەیەكی فراوانتری كوردستانی گرتەوە.

– لە 11ی ئایاری 1945 بارزانی و پێشمەرگەكانی روویان كردە رۆژهەڵاتی كوردستان.

– لە 22ی كانوونی دووەمی 1946 بارزانی لە ڕێوڕەسمی راگەیاندنی كۆماری دیموكراتی كوردستان لە مەهاباد بەشداریی كرد و لە لایەن قازی محەمەد، سەرۆك كۆماری كوردستان، كرایە فەرماندەی سوپای كۆماری كوردستان و پلەی جەنەراڵی سەربازیی پێ بەخشرا.

لە 16ی ئابی 1946 مەلا مستەفا بارزانی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراقی دامەزراند و وەك سەرۆكی پارتەكە هەڵبژێردرا، دواتر لە سەرجەم كۆنگرەكانی ئەو حزبەدا، وەك سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرایەوە.

– دوای نسكۆی كۆماری كوردستان، لە 1947 رێڕۆیشتنی مێژوویی بەرەو یەكێتی سۆڤیەتی جاران دەست پێ كرد، بارزانی ئامادە نەبوو خۆی رادەستی دەسەڵاتی شاهەنشایی ئێران بكات، بۆیە بە خۆی و پتر لە 500 خەباتكاری كورد، روویان كردە یەكێتی سۆڤیەت و لەو رێڕۆیشتنەشدا، رووبەڕووی سوپاكانی عێراق و ئێران و توركیا بوونەوە.

– رۆژی 17ی حوزەیرانی 1947 بارزانی و یاوەرەكانی لە رووباری ئاراس پەڕینەوە و گەیشتنە یەكێتی سۆڤیەت.

– لە یەكێتیی سۆڤیەت، كە ستالین سەرۆكی یەكێتییەكە بوو، مامەڵەیەكی توند لەگەڵ بارزانی و یاوەرانی دەكرا، تا دوای مردنی ستالین لە 1953 رەوشی ژیانیان گۆڕانی بەسەردا هات.

– بارزانی لە یەكێتیی سۆڤیەت، سەرەڕی تێپەڕینی 45 ساڵ بەسەر تەمەنی، لە ئەكادیمیای زمانەكان لە مۆسكۆ دەستی بە خوێندنی ئابووری و جوگرافیا و زانست و زمانی رووسی كرد.

– لە دوای كودەتای چواردەی تەممووزی 1958 بارزانی و یاوەرەكانی گەڕانەوە عێراق و لە بەسرەوە تا هەولێر، پێشوازییەكی گەرمی جەماوەرییان لێكرا.

– عەبدولكەریم قاسم، سەرۆك كۆماری عێراق لە 7ی تشرینی یەكەمی 1958 پێشوازیی لە بارزانی و یاوەرانی كرد.

لە 11ی ئەیلوولی 1961 تا 1975 رابەرایەتی گەورەترین شۆرشی چەكداری لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا كرد. شۆڕشی ئەیلوول، 14 ساڵی خایاند و تێیدا چەندین دەستكەوتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ خەڵكی كوردستان بەدیهێنان.

– لە 11ی ئاداری 1970 بارزانی و حكوومەتی عێراق لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان رێككەوتن، یەكەم جار بوو لە مێژووی كوردستاندا، شۆڕشێكی كوردستانی بە 9 ساڵ خەبات، بتوانێت ئەو دەستكەوتە مێژوویە بۆ خەڵكی كوردستان مسۆگەر بكات.

– مستەفا بارزانی لە ژیانیدا، دوو جار و بە (موعجیزە) لە هەوڵی تیرۆركردنی، رزگاری بووە، یەكێكیان لە 29ی ئەیلوولی 1971 و دووەمیشیان لە 16ی تەممووزی 1972دا، بەڵام هەردوو جار، لەبەر بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی و دروست نەبوونی شەڕ، رێككەوتنی ئاداری 1970ی لەگەڵ بەغدا هەڵنەوەشاندەوە.

– لە 6ی ئاداری 1975 بە هۆی رێككەوتنی سەدام حوسێن و محەمەد رەزا شای ئێران لە جەزائیر، شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسكۆ بوو، بەو هۆیەوە بارزانی نەمر و هەزاران پێشمەرگە و هاونیشتمانی كوردستان، رێگەی ئاوارەییان هەڵبژارد.

– لە دوای نسكۆی 1975 یش، چاودێریی و سەرپەرشتیی دانانەوەی بەردی بناغەی شۆڕشی كوردستان كردووە.

مستەفا بارزانی بۆ چارەسەری نەخۆشییەكەی چووەتە ئەمەریكا، هاوكات لەگەڵ وەرگرتنی چارەسەری بەردەوام لە میدیا و نێوەندەكانی بڕیاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، داوای پشتیوانی بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكرد.

– لە 1ی ئاداری 1979 دا و لە تەمەنی 76 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون، لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا كۆچی دوایی كرد.

– لە 4ی ئاداری هەمان ساڵ، تەرمی مستەفا بارزانی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، دواتر بە هێلیكۆپتەر، گەڕێندرایەوە شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەوێ لەلایەن سەدان هەزار كەسەوە لە پەنابەرانی كوردستانی عێراق و خەڵكی رۆژهەڵَاتی كوردستان و كوردانی باكوور و رۆژئاوای كوردستان، پێشوازی كرا، رۆژی 5 ئادار، بە ئامانەت بە خاك سپێردرا.

– لە 6ی تشرینی یەكەمی 1993، روفاتی (مستەفا بارزانی) و (ئیدریس بارزانی) كوڕی، لە رۆژهەڵاتی كوردستان، گواسترانەوە هەرێمی كوردستان و لە زێدی لەدایكبوونیان لە بارزان، بەخاك سپێردران.