نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت:تا ئێستە ھیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی شنگال نەنراوە

قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت، دەڵێت: دۆخی شنگال زۆر خراپە، تا ئێستە ھیچ پێشکەوتنێک لە ڕێککەوتنی شنگال نییە، گروپە چەکدارەکان ھەر لە شارەکە ماون و نایانەوێت بچنە دەرەوە. دەشڵێ: داوا لە حکوومەتی نوێی عێراق دەکەین کار بەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراوە، بکات و ھەرچی ھێزی ناعێراقییە لە شنگال بچنە دەرەوە و مەترسی زیاتر نەخەنە سەر ناوچەکانی ئێزدینشین.

ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر شنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکانی شنگال و ناوچەکەیان کرد، لەو ھێڕشەدا تیرۆریستانی داعش زیاتر لە ٦٥٠٠ ئافرەت و منداڵی ئێزدییان ڕفاند و زیاتر لە٣٥٠٠٠٠ کەسی دیکەش ئاوارەی کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان بوون، ھەروەھا نزیکەی ٢٥٠٠ ئێزدیش تائێستە بێسەروشوێنن.
ڕۆژی١٣/١١/٢٠١٥، ھێزەکانی پێشمەرگە بەسەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، شنگالیان لە دەست تیرۆریستانی داعش ئازاد کرد. لە ٩/١٠/٢٠٢٠ بەغدا و ھەولێر لەسەر ئاساییکردنەوەی ڕەوشی قەزای شنگال و بەڕێوەبردنی قەزاکە لە ڕووی کارگێڕی، ئەمنی و خزمەتگوزاری بە شێوەیەکی ھاوبەش ڕێککەوتن، بەڵام ھێشتا لە ڕووی ئەمنییەوە چەندین ھێزی سەربازی لەو ناوچەیە ھەن، ئەوانیش بریتین لە ھێزی پاراستنی ئێزیدخان، فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال، سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی خۆجێیی، ئاسایشی ئێزیدخان و یەبەشە. لە کارنامەی حکوومەتەکەی سوودانی کە ٢٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا، باسی لەوە کردووە کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال دەکاتە بەشێک لە کارنامەکەی، بڕیاریش بوو بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە بەشداربووەکانی حکوومەتی نوێی عێراق لە ماوەی مانگێکدا لیژنەی ماددەی ١٤٠ کارا بکرێتەوە و دواتر دەست بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ئەو ماددە دەستوورییە بکرێت، بەڵام تا ئێستە ھیچ ھەنگاوێک بۆ ئەم پرسە نەنراوە.
سەرەتای دروستبوونی ھەر کابینەیەکی حکوومەتی عێراق، کورد داوای جێبەجێکردنی دەستووری کردووە، ماددەی ١٤٠یش وەک پێشمەرجی بەشداریکردن لە کارنامەکانی حکوومەت جێگیرکراوە، بەڵام سەرجەم کابینەکانی پێشوو،ھیچیان خاوەن بەڵێنی خۆیان نەبوون.
کێشەی خاک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان لە ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە نیو سەدەیە خاڵی ناکۆکی نێوان کورد و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقە، کورد سازشی لەسەر نەکردووە و لە پێناویدا چەندین ڕێگەی بۆ چارەکردن تاقیکردووەتەوە، بەڵام تائێستە پرسەکە بێ چارە ماوەتەوە.
دوای سەردانی میری ئێزدییان بۆ دەرەوە و گەیاندنی پەیامی کوردانی ئێزدی بە وڵاتانی زلھێزی جیھان گۆڕان بەسەر دۆزی کوردانی ئێزدی ھاتووە و عێراق دەیەوێت بایەخی زیاتر بە ناوچەکانی کوردانی ئێزدی بدات و ھەوڵێکی زۆر باش دەستی پێ کردووە، بۆ ئەوەی ڕەوشی شنگال ئاسایی بکرێتەوە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت، گوتی: بارودۆخی شنگال زۆر خراپە، ڕۆژبەڕۆژیش خراپتر دەبێت، کاتێک کە داعش ھاتە ناوچەکانی ئێمە، ھەندێک کۆمەڵگە بە تەواوەتی وێران ببوون، ئێستە جگە لە ھەندێک گروپی چەکدار کە لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و عێراق ھاتوون، یەک ھاووڵاتیی لەو کۆمەڵگانە ناژیت، ئەگەر ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت و گروپە چەکدارەکان لە شارەکە دەرنەکرێن زۆر زەحمەتە بارودۆخی شارەکە ئاسایی ببێتەوە، بۆیە داوا دەکەین ھەرچی ھێزی ناعێراقییە لە شنگال بچنە دەرەوە و مەترسی زیاتر نەخەنە سەر ناوچەکانی ئێزدینشین.
قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت، دەشڵێ: داواکاری خەڵک ئەوەیە گروپە چەکدارەکان لە شارەکە نەمێنن، ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا جێبەجێ بکرێت، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ کرابایە شتێکی زۆر باش دەبوو، بەڵام تا ئێستە کە دوو ساڵ بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا تێدەپەڕێت، بەغدا یەک خاڵی جێبەجێ نەکردووە، بۆیە داوا دەکەین مەلەفی ئەمنی بدرێتە دەست پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکان، ھەروەھا ئەو خەڵکەی زەرەرمەند بووە قەرەبوو بکرێتەوە، ئەگەر ئەوە نەکرێت خەڵکی شنگال و کۆمەڵگەکانی دیکە ھەر لە کەمپەکان دەژین و ناگەڕێنەوە شارەکە.
سەبارەت بەوەی حکوومەتی نوێی عێراق ھیچ شتێکی بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی شنگال کردووە، نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت، ڕایگەیاند: حکوومەتی نوێی عێراق تا ئێستە جگە لە پێکھێنانی دوو لیژنەی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال ھیچ شتێکی بۆ شارەکە نەکردووە، داوا دەکەین ھەر چی زووە حکوومەتی نوێ گروپە چەکدارەکان لە شارەکە دوور بخاتەوە و کار بەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراوە بکات و، بارودۆخی شارەکە بە تەواوەتی ئاسایی بکاتەوە.