نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە فەرەنسا: فەرەنسا لە هەموو ڕوویەکەوە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە

ئەمە، گفتوگۆیەکی عەلی دۆڵەمەڕی بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکوەمەتی هەرێمی کوردستانە لە فەرەنسا کە باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس دەکات لە ڕووی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە و لەگەڵ ئەوەشدا تیشک دەخاتە سەر پلانەکانیان بۆ گەشەپێدانی بواری بازرگانی.

  • لە ڕووی سیاسییەوە چ هەنگاوێک نراوە بۆ زیاتر گەرموگوڕکردنی پەیوەندییەکانی هەرێم و فەڕەنسا؟
  • ئەگەر باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە بکەین، پەیوەندییەکان زۆر بەهێزن، بەتایبەتی لەگەڵ ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و یەکێک لەوانە فەرەنسا کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتییە و خاوەن مافی ڤیتۆیە و ئێستاش لەگەڵ ئەڵمانیا سەرکردایەتی یەکێتیی ئەوروپا دەکەن، بۆیە کردنەوەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، مانای ئەوەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخ بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەدات. دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت لە ڕۆژی سوێندخواردنی لە پەرلەمانی کوردستان، باسی لەوە کرد کە بایەخێکی زۆر بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەدەن و ئەمەش وای کردووە کە ئێمە وەکو نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە بە گوڕوتینێکی زیاترەوە کار بکەین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان بچنە قۆناغێکی باشترەوە. خۆشبەختانە دەتوانین بڵێین کە یەکێک لەو وڵاتانەی پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە وڵاتی فەرەنسایە لە هەموو ڕوویەکەوە، لە ڕووی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و کەلتوورییەوە و تەنانەت لە ڕووی خزمەتکردنی ڕەوەندی کوردستانییشەوە، بۆیە ئێمەوە وەکو ستافی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ستافێکی گەنجە، توانیومانە لە دوای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیەوە باشتری بکەین و هاتنی سەرۆک ماکرۆنیش بۆ هەرێمی کوردستان لە مانگی ٨ی ساڵی ٢٠٢١ ئەوە دەردەخات کە پەیوەندییەکان پەیوەندی زۆر بەهێزن و لە نێوان هەولێر و پاریس.
  • لە ڕووی بازرگانییەوە پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ فەرەنسا چۆنن؟
  • بێگومان پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی باشە، بەڵام ئەگەر بێتو بەراوردی بکەین، ئەوا دەبینین کە لە ئاست خواستی ئێمەدا نییە، ئەوەش بۆ چەند هۆیەک دەگەڕێتەوە لەوانەش دروستبوونی شەڕی داعش و ئەو هێڕشە مووشەکییانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر کردیە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەکو نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارمان کردووە. لێرە دەزگایەک هەیە پێی دەڵێن دەزگای مێدیڤ کە دەزگایەکە سەرپەرشتی هەموو کۆمپانیا گەورەکانی فەرەنسا دەکات کە لە دەرەوەی وڵات وەبەرهێنان دەکەن، پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵیان هەیە و چەندین کۆبوونەوەشمان لەگەڵیان کردووە.
  • نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە فەرەنسا چۆن دەتوانێت هاوکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ بێت بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ بەربوومەکانی هەرێمی کوردستان پەیدا بکات؟
  • لێرە ساڵانە پێشەنگایەک بەڕێوە دەچێت، کە پێشانگای ساڵانەی کشتووکاڵییە و لە نێوان ٨ بۆ ١٠ ملیۆن کەس سەردانی ئەو پێشەنگایە دەکەن، بۆیە ئێمە دەتوانین ئەمساڵ بەشێک لەو پێشەنگایە وەربگرین و ئەو بەرووبوومانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بۆ دەرەوەی وڵات هەناردەی بکات پێشکەش بکات بۆ ئەوەی بتوانین بازاڕیان بۆ بدۆزینەوە. چونکە دۆزینەوەی بازاڕ لە وڵاتە ئەوروپییەکان کەمێک زەحمەتترە لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو پێیەی کە خەڵکی ئەورووپا شارەزای بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نین، ئەوە یەکێکە لە کارەکانی ئێمە تاوەکو بتوانین بە هاوبەشی لەگەڵ حکووومەتی فەرەنسی لەو پێشەنگایە بەشدار بین کە زۆر گرنگ دەبێت هەم بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەم بۆ ناساندنی بەربوومەکان وەکو هەنار و سێو لە رێگەی کۆمپانیا گەورەکانی وەکو کارفوور کە هەزاران سۆپەرمارکێتی گەورە و بچووکی لە فەرەنسا هەیە تا بەروبوومەکانی هەرێمی کوردستان لە بازارەکانی فەرەنسا بفرۆشین.

ـ نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت چ خزمەتگوزارییەک پێشکەش بە ڕەوەندی کوردستانی لە فەرەنسا بکات؟

  • جێی دڵخۆشییە کە ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی هەیە لە فەرەنسا، لەو شارانەی کە ژمارەی خێزانە کوردستانییەکان زۆرن، توانیومانە چەند ڕێکخراوێکی ناحکومییان بۆ دروست بکەین بۆ ئەوەی بتوانین پەیوەندییەکی بەردەواممان هەبێت لەگەڵیان، بەشێکمان هەیە کە بەشی خزمەتگوزارییە بۆ ڕەوەندی کوردستانی بۆ دروستکردنی بریکارنامە و بەڵێننامەکان و چەندین کاری دیکە، پەیوەندییەکی باشمان هەیە و ڕۆژانە ڕەوەندی کوردستانی سەردانمان دەکەن و ئێمەش جار جار سەردانیان دەکەین و لە هەمان کاتدا بۆنە و سیمیناریان بۆ ڕێک دەخەین. بۆیە ئێمە بە بێ جیاوازی خزمەتگوزاریمان پێشکەش بە ڕەوەندی کوردستانی کردووە. هیوادارین بتوانین باشتریش خزمەتگوزاری پێشکەش بە ڕەوەندی کوردستانی بکەین. لێرەوەش دەمەوێت سوپاسی ڕەوەندی کوردستانی بکەم کە لە فەرەنسا هەمیشە پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوون، لە کاتی سازدانی مەراسیمەکان بەتایبەت لە کاتی ڕیفراندۆم و خۆپیشاندانەکان بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان. دەرگای ئێمە کراوەیە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ڕەوەندی کوردستانی لە فەڕەنسا و ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی فەرەنسا دەکەن و تووشی کێشە یان گرفت دەبن.
  • هیچ شتێکی فەرمی بۆ هاوکاری لە بوارە جیاوازەکان لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا هەیە؟
  • دەمەوێت باس لەوە بکەم کە لە ساڵی ٢٠١٠ یادداشتنامەیەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا ئیمزا کراوە لە نێوان سەرۆک بارزانی، کە ئەو کات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کە چەندین خاڵی لەخۆ گرتبوو لە هەموو بوارەکاندا و خۆشبەختانە زۆربەی خاڵەکان جێبەجێ کراون و بڕیارە ئەو خاڵانەش کە ماون جێبەجێ بکرێن. یادداشتنامەیەک لە نێوان پاریس و هەولێر هەیە کە وەکو دەستەخوشک بۆ یارمەتیدان، چونکە پاریس شارێکی گرنگ و پایتەختێکی گرنگی جیهانە، چەندین ڕێککەوتننامە لە نێوان زانکۆکانی فەرەنسا و زانکۆکانی هەرێمی کورستان هەیە لە بارەی خوێندن کە لە ئێستادا چەندین قوتابیی هەرێمی کوردستان لێرە درێژە بە خوێندن دەدەن. دوو قوتابخانەی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان هەیە کە خۆشبەختانە بە دەیان قوتابی ئەو دوو قوتابخانەیە درێژە بە خوێندن دەدەن، لە بواری کلتوررییەوە کاری زۆر باش کراوە و بەم دواییانەش هەردوو سەنتەری کلتوریی فەرەنسی و ئەڵمانی بە تەمان سەنتەرێکی کلتوری لە سەر قەڵای هەولێر دابمەزرێنن.