بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانى رایگهیاند، لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەباى کۆمەڵگاکانى نیشتەجێبوون (ستیەکان) کۆبوونەوەیەکی سازکردو تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی (2) شوبات دیاریکرد، کە بریتیە لە (395) دینار بۆ هەر کیلۆواتێک. لەکۆبوونەوەکەدا کە نوێنەری ئەنجومەنی ستیەکانى ناو شارى سلێمانى ئامادەبوون، بەگوێرەی نرخی گازوایل لەبازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی موەلیدەی ستیەکان ئامادەکراوە نرخی کیلۆوات هاوەرێک کارەباى موەلیدەى ستییەکان بریتیە لە (395) دینار، لە کاتێکدا مانگى رابردوو (کانوونى دووهم) نرخى کێلۆوات هاوەرێک بە (400) دینار بوو. پێویستیشە سەرجەم ستیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بەنرخەکەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە و سزادەدرێن.
