ئهمرۆ دووشەممە 2023.2.27، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بهئامادهبوونی هەریەک لە هێمن قادر و مهسعود كارهش، جێگرانی پارێزگار، كۆبوونهوهیهكی تایبهت لەبارەى کارەکانى لیژنهی پێداچوونەوە و دانانى مەرجى زانستى بە سیستمی شۆفاژ لە شوێنە گشتییەکان و ماڵان و بەکارهێنانى غازی ئێڵپیجی ئەنجامدرا.
له كۆبوونهوهکەدا، کە یاریدەدەرى پارێزگار و قائیمقامەکانى ناوەند، دەشتى هەولێر، خەبات، مەخموور، عەنکاوا، شەقڵاوە و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانیەکان و بەڕێوەبەرى بەرگرى شارستانى و قەیرانەکانى و کاروبارى ناوخۆى پارێزگا و بەرپرسى کارگیرى قائیمقامەتى پیرمام و نوێنەرى هونەرى گەشەپێدانى پیشەسازى هەولێر و سەرۆکى لیژنەى غازی ئێڵپیجی ئامادەى بوون، گفتوگۆ لە بارەى کارەکانى لیژنەى ناوبراو کرا لە پێداچوونەوە و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو شوێنانەى کە ئەم سیستەمە بەکار دەهێنن، پاشان پوختەیەک لەبارەی خاڵی بههێز و لاواز و شێوازی بهكارهێنانی سیستەمەکە لەلایەن لیژنەى ناوبراوەوە بەداتاشۆ خرایە ڕوو و جەخت لە پێویستى کارلەسەر کردنى ئەو سیستەمە لەلایەن کەسانى پسپۆڕ و شارەزاى کرایەوە، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر تەئکیدى لەسەر رێگە نەدان بە هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندیى بەرگریى شارستانى، سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە و نانەواخانە و ماڵان جێگیر بکات.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری ههولێر، وێرای دهستخۆشی له كارەکانی لیژنهی پێداچوونەوە و دانانى مەرجى زانستى بە سیستمی شۆفاژ، جەختى لهسەر دهرفهت ڕەخساندنى زیاتر بۆ كۆمپانیاکان کردەوە تاکو هاوڵاتیان سودى زیاتر لە پشكنینى سیستەمى غازى ماڵەکانیان وەربگرن.
لەکۆتایشدا، لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد، سەرژمێرى سەرجەم (ماڵ ، چێشتخانه ، هۆتێل ، باڵەخانە، و شوێنە گشتییەکان) لە هەولێر وەربگرن کە ئهو سیستهمه بهكاردههێنن و سەرجەم لیژنهى قایمقامیهتەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریش، بە دواداچوونى پێویست بکەن بۆ ڕێکخستنەوەى سەرجەم ئەو بەنزینخانانەى کە سیستەمى غازی (ئێڵپیجی)یان بۆ ئۆتۆمبێل هەیە.